کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە ئاودانان؛ پەرستارێک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندرا

11:57 - 29 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، "مەیسەم نەزەری"، پەرستار و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی "ڕەسووڵی ئەکرەم"ی ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، بە دەسبەسەرکردنی ناوبراو، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان دوای گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپاڵایش، گەیشتە ٩ کەس.

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانیە نییە و لە مافی پەیوەندیگرتن بە بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، هەشت هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سینا دەرویشی" (تەمەن ١٥ ساڵ)، "ئیرەج حەیدەری"، "سەعید عەبدوڵڵاهی"، "ئەسغەر ئەکبەری"، "ئارمین سلێمانی"، "بێهنام مورادی"، "پەیمان کەریمزادە" و "شەهرام جاویدانە" دەسبەسەر کرابوون و "موحسێن باویر"یش دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرا.

لەکاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام، لەوانە "ئەسەدوڵڵا چراغی" لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران، دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان ڕەت کردووەتەوە، هاوکات "ئەمرۆڵڵا مەیسائی"، دادستانی ڕێژیم لە ئاودانان، هەڕەشەی سەرکوتی توندی لە ناڕازییان کردووە.

پاشنیوەڕۆی سێشەممە، دوای گیانلەدەستدانی ئەو ١٣ هاووڵاتییە، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا و سەدان هاووڵاتی دژی پەراوێزخستنی پارێزگای ئیلام، خراپیی ڕێگاوبانەکان و ناکارامەیی کاربەدەستانی ڕێژیم دروشمیان دا و بازاڕی شارەکەش مانی گرت

 هاوکات هێزەکانی یەکەی تایبەت بە چەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و ئینتێرنێتیان پچڕاندووە؛ لە ئەنجامدا چەندین ناڕازی بریندار بوون کە لە ترسی دەسبەسەرکردن سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.