کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز؛ لە لابردنی گۆشت و شیرەمەنییەوە تا کڕینی قیستیی نان لە ئێران

12:16 - 29 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە قەیرانی بژێویی ژیان لە ئێران نووسیویەتی کە گرانبوونی بێوێنەی نرخی خواردەمەنییەکان، بەشێکی زۆری بنەماڵەکانی ناچار کردووە گۆشت، شیرەمەنی و میوە لە سەر سفرەکانیان لاببەن و پێداویستییە ڕۆژانەکانیان وەک نان و شامپۆ بە شێوەی قیستی بکڕن.

ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، بە پشتبەستن بە وتووێژ لەگەڵ هاووڵاتییان و ئامارە فەرمییەکان بڵاوی کردەوە کە نرخی هەندێک لە کاڵا سەرەکییەکان لە شەش ساڵی ڕابردوودا ١٠ تا ٤١ هێندە بەرز بووەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نیسک جێگەی گۆشتی سووری گرتووەتەوە و هاووڵاتییان لەجیاتی شانەیەک هێلکە، تەنیا دوو یان چوار دانە دەکڕن و تەنانەت بۆ کڕینی نانیش پەنا بۆ خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی قیستی دەبەن.

ئامارەکانی نێوخۆی ئێرانیش ئەم دۆخە کارەساتبارە پشتڕاست دەکەنەوە؛ بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی خواردەمەنی و خواردنەوەکان گەیشتووەتە ١١٣.٤ لەسەد و زیاتر لە ٤٢ لەسەدی تێچووی چینە کەمداهاتەکان تەنیا بۆ دابینکردنی خۆراک دەڕوات.

نیویۆرک تایمز دابەزینی زیاتر لە ٦٠ لەسەدی بەهای تمەن لە ماوەی یەک ساڵدا، گەمارۆکان و سیاسەتە ئابوورییە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە ڕێگەی چاپکردنی پارەی بێپشتوانەوە، بە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەزانێت.

لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنیا بە خۆراکەوە نەوەستاوە و دوو هێندەبوونی نرخی سەدان جۆر دەرمان، وای کردووە زۆربەی بنەماڵەکان سەردانی پزیشک دوا بخەن و توانای هاوسەرگیری و تەنانەت کۆچکردنیشیان نەمێنێت.