کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە نەورۆز و ساڵی نوێدا، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە نەورۆز و ساڵی نوێیدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بەتایبەت بنەماڵەی پێشمەرگەکان لە شاری "گۆگتەپە"ی شاروێران، بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداری نەکەن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕایگەیاند، سەرەڕای بانگهێشت و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، دوو کەس لە مۆرەکانی ڕێژیم، بە ناوەکانی "بەهمەن ج.م" و "جەماڵ ج.م"، کە باوک و کوڕن، لە شاری گۆگتەپە، لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە ناو خەڵکدا گەڕاون و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە نابێت هیچ جۆرە چالاکییەک لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بەڕێوە ببەن.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو دوو بەکرێگیراوەی ڕێژیمی ئێران، هەوڵی زۆریان داوە کە نەورۆز لە شاری گۆگتەپە بەڕێوە نەچێت، بەڵام هەوڵەکەیان بێئاکام بووە.
هاوکات ئەو دوو مۆرەیەی ڕێژیم، لە پێش چاوی خەڵکەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد بەتایبەت بنەماڵەی پێشمەرگەکان لەو شارە کردووە، کە نابێت ئەوان ئاگری نەورۆز بکەنەوە، ئەگینا لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.