کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وتوویەتی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدی دەست پێ دەکەین

19:24 - 24 خاکەلێوه 2721

بە پەرەگرتنی گڕژییەکانی ناوکی و مافی مرۆیی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیلدا، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، باسی لە دەسپێکردنی پیتاندنی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدی کردووە.

عەباس عێراقچی کە بۆ درێژەی وتووێژەکان لەمەڕ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەلایەن ئامریکاوە بۆ وڵاتی ئوتریش سەفەری کردووە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئێران پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئورانیۆم دەست پێدەکات.

ناوبراو ئەو هەواڵەی لە ڤییەن دوو ڕۆژ دوای ئەوە ڕاگەیاند کە سیستمی بەرقی شوێنی پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنز کە دەوترێت لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، لە کار کەوتووە.

''عێراقچی'' هەروەها وتوویەتی هەزار سانتریفیوژی دیکە کە ٥٠ لەسەد تواناییان زیاترە، جێگرەوەی ئەو سانتریفوژانە دەکرێن کە زیانیان پێگەیشتووە.

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە یەکەم جار ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیاندبوو کە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکی یان کاری دیکە ئەگەری هەیە پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ئاستی ٦٠ لەسەد زیاد بکەین.