کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران وتووێژ لەسەر بەرجام و بەشداریی لایەنی نوێی ڕەت کردەوە

12:35 - 12 رێبەندان 2720

پاش قسەکانی ''ئێمانوئێل ماکرۆن'' سەرکۆماری فەرانسە کە وتبووی عەرەبستان دەبێ لە هەموو ئەو وتووێژانەی کە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەکرێت بوونی هەبێت، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەر چەشنە وتووێژێکی نوێ  یان گۆڕان لە لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوکیی ڕەت کردەوە.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١١ی ڕیبەندان، لە زاری ''سەعید خەتیبزادە'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانەوە باسیان لەوە کردبوو، ڕێکەوتنی ناوکیی ١٣٩٤ لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەهێزی جیهان ڕێکەوتنێکی نێونەتەوەیی چەند لایەنەیە، کە لەلایەن بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و دیسان وتووێژی لەسەر ناکرێتەوە و لایەنەکانیشی گۆڕانی بەسەردا نایەت.

سەرکۆماری فەرانسە، ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان وتبووی، وتووێژەکان لەگەڵ ئێران کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەسەر بەرجام  ئەنجام بدرێت، زۆر دژوار دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە هەندیک لە وڵاتانی بەهێزی ناوچەکە وەکوو عەرەبستان، دەبێ لەو وتووێژانەدا بەشدارییان هەبێت و نابێ ئەو هەڵەیەی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕوویدا دووپات بکرێتەوە.