کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی لە دەسەڵاتی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەکات

12:33 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، پاڵپشتی لە دەسەڵاتی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و جیهان دەکات.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزیی تەلەفزیۆنی دەنگی ئامریکا، وێڕای ئاماژەدان بە پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و جیهان ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یارمەتی دارایی بۆ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی جیهان دەنێرێت و پاڵپشتیی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەکات.

مایک پۆمپێئۆ، لە بەشێکی قسەکانیدا، جارێکی تر جەختی لەسەر تێرۆریستبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی جیهاندا و پاڵپشتیی سەرەکیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئەو ڕێژیمە کردەوە وتی: "پارەی و تێچووی ئێران بۆ ڕۆڵی ئاژاوەگێڕی و چالاکیی تێرۆریستی لە ناوچەکەدایە و ڕێژیمی ئێران بە پارەی ئێران پاڵپشتی لە حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تێرۆریستییەکانی تری وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەکات، کە لە لایەن خودی ڕێژیمەوە بۆ ڕۆڵی ئاژاوەگێڕی و چالاکیی تێرۆریستی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دامەزراوە".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر کرانەوەی هێڵی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و کاراکاس، پێتەختی وڵاتی وێنێزۆئێلا، کە گەشتی ئەم هێڵە ئاسمانییە لە لایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهانەوە ئەنجام دەدرێت، ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئێران بۆ پاڵپشتی دارایی لە ڕێژیمی دیکتاتۆری وێنێزۆئێلا و یارمەتیدانی دیکتاتۆریەتی مادۆرۆ، ئەو هێڵە ئاسمانییەی کردووەتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییی وتووێژەکەیدا لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە "ئایا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئامریکای لاتین بوونی هەیە؟"، وتی: "بێگومان بوونی هەیە، گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئامریکای لاتیندا بوونی هەیە و لە کاروباری ئامریکای لاتینیش دەستێوەردان دەکات".

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئایر کە ڕێژیمی ئێران بۆ سیاسەتە تێکدەرانەکانی خۆی، لە ئاستی سەرتاسەری جیهاندا کەڵکی لێ وەر دەگرێت، لە ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی، لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە نێو کۆمپانیای گەشت و فڕینی نێوان وڵاتان دامەزرا، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی سپا لە دامەزراندنی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە، ئاسانکاری بۆ پاڵپشتیی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و جیهان و هەروەها گواستنەوەی پارە، چەک و تەقەمەنی، کەلوپەلی سەربازی و هەروەها گواستنەوەی هێزە تێرۆریستییەکانی سەربە سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهانیدا بوو.

کۆمپاینای ماهان ئایر، ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی، خرایە نێو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە و لە ساڵی ڕابردووشدا لەگەڵ گەمارۆوەکانی کۆمپانیا و ناوەندە سەربازی و دارایییەکانی تری ڕێژیم ئێران، جارێکی تر گەمارۆی سەر ئەو کۆمپانیایە لە لایەن بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە نوێ کرایەوە، هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن وڵاتانی ئاڵمان و فەڕانسە و چەند وڵاتێکی تری ئورووپاوە گەمارۆ خرایە سەر ئەم کۆمپانیا فڕۆکەوانییە.