کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێشنیاری ئامریکای بۆ دانوستان لەسەر پەیماننامەی ناوکی و مووشەکی ڕەت کردەوە

12:15 - 30 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە لە هەموو لایەکەوە گوشار کەوتووتە سەری، بەوەشەوە ئامادە نییە لەسەر بەرنامە ناوکیی و مووشەکییەکانی لەگەڵ ئامریکا کۆ ببێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، لە دژکردەوەی لە هەمبەر قسەکانی برایان هووک، سەرۆکی گرووپی هەنگاو بەدژی ئێران، هەڵوێستی گرتووە و وتوویەتی: ئامریکا ناتوانێت بە دوای دانوستان و وتووێژ لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەکی نوێ ببێت، لە حاڵێکدا کە بە چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ڤیەن، بەڵێنییەکانی پێشێل کرد.

محەممەدجەواد زەریف، لە بەرانبەر قسەکانی برایان هووک، دژکردەوەی پیشان داوە، کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان وتبووی: "ئامریکا لە بەرجام کشایەوە، چونکە ڕێککەوتننامەیەکی لاواز بوو، بەڵام بۆ گەیشتن بە پەیمانێکی نوێ لەگەڵ تاران ئامادەیە، پەیماننامەیەک کە هەموو چالاکییە ناوکی و مووشەکییەکان لە خۆ بگرێت".

سەرۆکی گرووپی هەنگاو بەدژی ئێران، لە لێدوانەکەیدا لەسەر بەرنامەی بەرجام وتبووی: "ڕێککەوتننامەی بەرجام "ڕێککەوتنێکی کەسیی لە نێوان دوو دەوڵەت "بوو، بۆیە ئامریکا ئەمجارە بە دوای بەستینی پەیمانێکە. لە یاسای ئامریکا پەیماننامە لە نێوان ئامریکا و وڵاتانی دیکە دەبێت لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند بکرێت.

ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران لە هەموو ڕەهەندەکانەوە گوشارێکی زۆری لەسەرە و بڕیارە لە ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا وەگەڕ بخرێت، کە توندتر لە گەمارۆوەکانی خولی یەکەمە و کەرتی پیشەی نەوت لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئێران هێشتا ئامادە نییە مل بۆ دانوستان لەگەڵ ئامریکا و بەستنی بەڵێننامەیەکی قایمتر ڕابکێشێت، چونکە بەرژەوەندیی خۆی لە هەبوونی چەکی ناوکی و دەستێوەردان لە وڵاتانی دەوروبەر دەبینێت.