کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێشوازیی لە تێرۆریستەکانی خۆی کرد

16:35 - 6 سەرماوەز 2720

سێ تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە لە وڵاتی "تایلەند" لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە لە کاتی کردوەی تێرۆریستی دەسبەسەر کرابوون، ئازاد کران.

ئەو سێ کەسە لە بەرانبەر "کایلی مور ـ گیلیبێرتـ"ـدا لێکۆڵەری ئوسترالیایی کە لە ئێراندا لە زیندان دابوو ئازاد کراوە.

ئەو سێ کەسە شوناسیان "سەعید مورادی، محەممەد خەزاعی و مەسعوود سداقەت‌زادە" ڕاگەیەندراوە.

ئەو سێ تێرۆریستە لەلایەن "عەباس عەراقچی" جێگری "محەممەجەواد  زەریف" وەزیری کاروباری ڕێژیمەوە پێشوازیان لێکراوە.

ئەو سێ کەسە ٨ ساڵ پێش لە وڵاتی "تایلەند" ویستبوویان چەند دیپلۆماتی ئیسرائیل تێرۆر بکەن، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی خواردبوو.

دەوڵەتی "بانکۆک" ئازادیی ئەو سێ کەسەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"سەعید مورادی" یەکێک لە تێرۆریستەکان لە کاتی دەرگیری لەگەڵ پۆلیستی "تایلەند" نارنجۆکی هاویشتبووە پۆلیسەکان؛ بەڵام ئەو نارنجۆکە بە خۆیدا دەتەقێتەوە و هەر دوو لاقی لەدەست دەدات.

ئەوە یەکەم جار نییە کە دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران دوای ئەوەیکە لە وڵاتانی دیکە دەسبەسەر دەکرێن دواتر ئازاد دەکرێن.

تێرۆریست "کازم دارابی" یەکێک لە تێرۆریستەکانی ڕێستۆرانی میکۆنووس دوای چەند ساڵ لەلایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە ئازاد کرا.

"عەلی وەکیلی ڕاد" بکوژی "شاپوور بەختیار" ساڵی ٨٩ ئازاد کرا.

هەتا ئێستا چەندین تێرۆریستی ڕێژیمی دوای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی ئازاد دەکرێن.

ئەو تێرۆریستانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانەوە پێشوازیان لێ دەکرێت.