کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێش بە گەیشتنی ئاوەکان بە عێراق دەگرێت

12:22 - 14 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەغدا ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە، کە لە ڕێڕەوی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، بەنداوی دروست کردووە.

ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی تارانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە بەردەم ٤٢ چۆم کە ئاوەکانیان دەڕژێتە عێراقەوە، بەنداوی لێداوە و پێشی بە گەیشتنی ئاو بە عێراق، گرتووە.

هەواڵدەرییەکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەحمەد مەحجووب لە سمینارێکدا لە بینای وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ئاوی ٤٢ چۆمی بەڕووی عێراقدا بەستووە و پێشی بە گەیشتنی ئاو بە عێراق گرتووە"، هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە باشووری عێراق بە هۆی ئەو ڕەفتارەی ڕێژیمی ئێران، بە تەواوەتی لەگەڵ قەیرانی کەم ئاوی بەرەوڕوو بووەتەوە.

چاودێرانی سیاسی لەسەرئەوباوەڕەن، کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی دەوڵەتی عێراق و سەپاندنی هێژمۆنی خۆی بەسەر دەوڵەتی مەرکەزی و هەروەها هەرێمی کوردستاندا، دەستی داوەتە ئەو کارە و ئاوەکانی بەڕووی عێراقدا گرتووەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی گواستنەوەی ئاوی شیرین لە ناوچە عەرەب‌نشینەکانی ئێرانەوە بۆ نێو خاکی عێراق، بۆیە گریمانە دەکرێت ڕێژیم ئاوی شیرین بەو کەسانە دەدات کە ملکەچی خۆین و لەبەرانبەریشدا بۆ زەخت خستنە سەر کوردەکان و ئەو عەرەبانەی کە سەر بە ڕێژیمی تاران نین ئاوی ڕووبارەکان دەبەستێ.