کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پەردەی لەسەر مووشەکێکی توندهاوێژی دیکە لادا

10:37 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، پەردەی لەسەر مووشەکی کرۆزی زەوینیی بە ناوی "هۆوەیزە" لادا، کە توانایی بڕینی مەودایەکی دووری هەیە.

پاسدار ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕێبەندان، لە کاتی پەردەلادان لەسەر مووشەکی هۆوەیزە ڕایگەیاند: "گەڵاڵەی سازکردنی ئەم مووشەکە لە لایەن پسپۆڕانی ڕێکخراوی پیشەیی هەوا فەزای وەزارەتی بەرگریی دارێژراوە، کە مەودایەک زیاتر لە ١٣٥٠ کلیۆمێتر دەبڕێت و بۆ لیدانی ئامانجە زەوینییە نەگۆڕەکان کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، تاقیکاریی هاویشتنی ئەم مووشەکە بۆ مەودای ١٢٠٠ کیلۆمێتری ئەنجام دراوە و لە لێدانی ئامانجی دیاریکراو سەرکەوتوو بووە.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥شدا پەردەی لەسەر مووشەکی کرۆزی زەوینیی "سۆمار" لادا، کە مەودا ٧٠٠ کیلۆمێتری دەبڕی.

پێکهاتەی مووشەکی کرۆز لەگەڵ مووشەکی بالستیکی جیاوازە، مووشەکی بالستیکی توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەیە و تاقیکردنەوەیان لە لایەن ڕێژیمەوە هەڵویست و دژکردەوەی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی لێ کەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئاخوندی کە ماوەی چل ساڵە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، لە چلەمین ساڵیادی ئەم داگیرکارییە، لە جیاتی هەواڵی دڵخۆشکەری گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەواڵی سازکردنی کەرەستە شەڕ و چەکی کۆمەڵکوژی بڵاو دەکاتەوە و بەم بۆنەوە گوشارە ئابورییەکانی سەر خەڵکی بێدەرتانی ئێران چەند قات دەکاتەوە.