کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەکی ئامریکایی لە عێراقەوە بۆ ڕووسیە دەگوازێتەوە

17:35 - 23 خاکەلێوه 2722

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "گاردییەن" ئەو چەکانەی کە ئامریکا بۆ شەڕی تێرۆریزم دەیداتە سپای عێراق، لەلایەن "حەشدی شەعبی" دراون بە ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی ئێرانیش بە قاچاخ ئەو چەکانەی ڕادەستی ئەرتشی ڕووسیە کردوون کە بە دژی خەڵکی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەربگرێت..

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای قاچاخەوە ئەو مووشەکە "ئارپی‌جی" و "دژە تانکـ"ـانەی کە هاوپەیمانان لە شەڕی داعشدا دابوویان بە سپای عێراق و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕادەستی کرابوو، گواستوویەتەوە بۆ ڕووسیە و ڕووسیە لە شەڕ دژی ئۆکراین کەڵکی لێ وەردەگرێت.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕێژیمی ئێران سیستمی مووشەکیی "باوەڕ ٣٧٣"ی خۆی کە هاوشێوەی "ئێس ٣٠٠"ی ڕووسیەیە، داوەتە ڕووسیە.

"گاردین" لە بەشێکی دیکەدا باسی لە ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق و دەستێوەردانی گرووپەکانی سەر بە ئێران لەو وڵاتە و کەڵکوەرگرتن ئەو گرووپانە بەتایبەت "حەشدی شەعبی" لەو چەکانەی کە لە ڕێژیمی بەعس بەجێ مابوون یان بەشێکی دیکەی ئەو چەکانەی کە لەلایەن هێزی هاوپەیمانان و ئامریکا درابوون بە سپای عێراق، کردووە.