کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ڕێگای بۆ تێرۆریستان ئاوەڵا کردووەتەوە

14:10 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی پاکستان لە هەمبەر ڕووداوی تێرۆریستی لەو وڵاتە، به دژی ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی نیشان داوە.

ڕۆژی شەممە، ٣١ی خاکەلێوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، به نیسبەت ئەو هێرشەی تێرۆریستییەی کە لە ڕێگای ''ئۆمارە" ـ ''گوادر'' هەڵکەوتوو لە سنووری ئێران و پاکستان، ئەنجام دراوە دژکردەوەی نیشان داوە.

ئەو هێرشە تێرۆریستییە لە لایەن گرووپێکی میلیشای چەکدار  بۆ سەر چەند ئوتووبووس ئەنجام دراوە و لە ئاکامدا ١٤ شارۆمەندی پاکستانی کوژران.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان باسی لەوە کرد، ئێمە چەندین جار سەبارەت بە کردەوەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییانە هۆشداریمان بە ڕێژیمی ئێران داوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ هەوڵێکی لەم بارەوە نەداوە.

دەوڵەتی پاکستان باسی لەو کردووە، ئێمە سەبارەت بە شوێنی ئەم گرووپانه که لە خاکی ئێران جێگرن، زانیارییمان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە هیچ وڵامێکیان پێمان نەداوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، وڵاتی پاکستان لەگەڵ چەندین هێرشی تێرۆریستی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کە لە خاکی ئێراندا ئەنجام دەدرێت و ئەوە نیگەرانیی و کاردانەوەی دەوڵەتی پاکستانی بە دژی ڕێژیمی ئێران لێ کەوتووەتەوە.