
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ٦١ کەسی ئامریکایی بەهۆی پشتیوانی لە ڕێکخراوی "موجاهدینی خەلق" خستووەتە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.
لەو لیستی گەمارۆیەی ڕێژیمدا "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری پێشووی دەرەوەی ئامریکا، "ڕودی جوولیانی" پارێزەری "دانڵد ترامپ" و "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی کۆشکی سپی ناویان هاتووە.
بەو پێیە سەروەت و دارایی ئەو کەسانە لە ئێراندا دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەو کەسانە هیچ داراییەکیان لە ئێراندا نییە.
"مایک پۆمپێئۆ"، "ڕودی جوولیانی" و "جان بۆلتۆن" لەو کەسانە بوون کە سەردانی ئۆردووگای کەمپی "ئەشرەفی ٣"یان لە ئالبانی کردبوو و پشتیوانییان لەو سازمانە کردبوو و وتبوویان کە دۆخی ڕێژیمی ئێران بە خراپترین شێوە خەریکە تێپەڕ دەبێت.