کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گوشار بۆ هەواڵنێران دێنێت

11:37 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ پێشگرتن لە کاری هەواڵنێری و سانسۆری زیاتری میدیاکان، لە هەوڵدان ماڵیات وەربگرن.

چالاکانی میدیایی و بەتایبەتی هەواڵنێران لە ئێران و کوردستاندا، بەنیسبەت هەوڵێكی نوێی ڕێژیمی ئێران بۆ وەرگرتنی ماڵیات، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران به سەرکوتی زیاتری میدیاکان دەزانن.

وەرگرتنی ماڵیات لە میدیاکان و بێدەنگیی کاربەدەستانی پێوەندیدار بەو بابەتە، بەشێکی دیکە لەو کێشانەیە کە چالاکانی میدیایی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

چالاکانی میدیایی وەرگرتنی ماڵیات لە میدیاکان بە مەرگی چاپەمەنییەکان ناو لێ دەبەن.

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوت و سانسۆری زیاتری میدیاکانه.

وەرگرتنی ماڵیات لەو میدیا و هەواڵنێرانە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئابووریی ئێران شپرزەیە و لە لایەکی دیکەوە هەواڵنێران کەمترین مافی ماددی و مەعنەوییان هەیە.

هەواڵنێران، بیمە، ئەمنییەتی کاری و خانوبەرەیان نییە و دۆخی "سندوقی ئیعتباریـ"ـی هونەرمەندان گونجاو نییە.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ساڵی ٩٤ی هەتاوی، بە فەرمی ڕایگەیاند: "دەبێ پێش بە بەرهەمە فەرهەنگییەکانی وەکوو شانۆ و نووسراوە کە لەگەڵ بنەماکانی ویلایەتی فەقیهـدا ناتەبان، بگیردرێت".

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەوانان، لە نێوان ١٠ وڵاتی گەورەی سانسۆرچیدا، ئێران لە ڕیزی حەوتەمدایە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە چەندین وڵات، کە یەک لەوان ئێرانە، لە ڕێگای زیندانیکردنی هەواڵنێران، ئازار و ئەزییەتی بنەماڵەکانیان و چاوەدێریکردنی ئەمنییەتی بە شێوەی دیجیتاڵ و فیلتێرکردنی ئینتێرنێت بۆ بێدەنگکردنیان، کەڵکیان وەرگرتووە.