کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گەمارۆی دەرمان و کەلوپەلی لەسەر نییە

13:14 - 25 رەشەمه 2719

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە ئامریکا و ئورووپا سەبارەت بە هەبوونی گەمارۆ لەسەر کەرەستە پزیشکییەکان درۆیان کردووە، لە حاڵێکدا یارمەتییە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتوونەتە ئێران.

"محەممەد لاهووتی"، سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی هەناردەکردنی ئێران وتوویەتی، ئامریکا و ئورووپا بە درۆ وتوویانە کە دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان گەمارۆیان لەسەر نییە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەوان ئامادە نەبوون کە گەمارۆ لەسەر دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان هەڵبگرن یان هیچ نەبێت گواستنەوەی پارەکەی ئاسان بکەنەوە".

هەروەها "محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتبووی: "ئامریکا گەمارۆوە نایاساییەکانی بە ئامانجی بەتاڵکردنەوەی سەرچاوە پێویستەکان بۆ بەرگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیراندا چڕتر دەکاتەوە".

ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە "ئستیڤێن مێنووشێن"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا وتوویەتی: "گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەمپەڕێک لە بەردەم بەشداریی مرۆڤدۆستانەی وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا نییە".

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا، "یەکیەتیی ئورووپا" و "کۆماری ئازەربایجان" بە ڕێزەوە هەرکامە و ٥ ملیۆن یۆرۆ و ٥ ملیۆن دۆلار یارمەتییان بۆ بەرگری لە کۆرۆنا بۆ ئێران ناردووە و هەروەها چەندین باری کەرەستەی پزیشکی لەلایەن "چین" و "ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیـ"ـیەوە ڕادەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کراوە.

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی یارمەتیگەلی پزیشکی بۆ ئێران دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم، دەستی هاوکاریی ئامریکایان ڕەت کردووەتەوە.