کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە هیچکات لە یەمەن حوزووری سەربازیی نەبووە

17:01 - 11 سەرماوەز 2721

دوای ئەوەیکە ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، هاوپەیمانیی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستان ڕایگەیاندبوو کە بنکەیەکی شاراوەی سپای پاسدارانی لە ''سەنعا''ی پێتەختی یەمەن کردووەتە ئامانج، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتی کە ئێران هیچکات لە یەمەن حوزووری سەربازیی نەبووە.

''سەعید خەتیب زادە '' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''بنکەیەکی شاراوەی سپای پاسداران لە یەمەن کە لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبییەوە کرابێتە ئامانج بێ بنما و درۆیە، ئێران هیچکات لە یەمەن حوزووری سەربازیی نەبووە هەتا بکرێتە ئامانج''.

هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندبوو، لەو هێرشە ئاسمانییەدا ژمارەیەک کارگای مونتاژی مووشەکی بالستیک لە پایگای نیزامیی ''ئەلدیلمی'' کە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا هەڵکەوتووە، بەتەواوی خاپوور کراون.

ئەو ئیدعایەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە دەیان جار بەرپرسانی حکوومەتی یەمەن لەسەر دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە له یەمەن و یارمەتیی ماڵی و هەناردنی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکان ڕوو لە دنیای دەرەوە سکاڵایان دەربڕیوە.

هەتا ئێستا دەیان فەرماندە و کارناسی سەربازیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران لە یەمەن کوژراون، هەروەها چەندین باری چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران کە لە حاڵی هەناردەکردن بۆ حوسییەکانی یەمەن بووە، دەستی بەسەردا گیراوە.