نەوید کەرەمی
هەرکات لە شەقامەکانی ئێراندا ئافرەتێک تەنانەت ئەگەر بۆ چەندساتێکی زۆر کەمیش بووبێت ڕووسەرییەکەی لەسەر لادابێت، کۆشکی دیکتاتۆریەتی وەلی فەقی دێتە لەرزە و تەپوتۆزی نەمان و ڕووخان دەمووچاوی هەموو بەرپرسانی ویلایەت دادەپۆشێت.
٤٠ ساڵ لەمەوپێش خەڵکی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دیکتاتۆریەتی شاهەنشاهیان پێچایەوە و شاو دارودەستەکەیان ڕەوانەی مێژوو کرد و لە وڵات وەدەریان نان، بەڵام ئەوکاتەی کە خەڵک لە شایی ڕوخاندن و وەدەرنانی شادا سەرخۆش بوون، بە بێ ئەوەیکە ئاگادار بن و وریا ببنەوە، دەرگایان بۆ دێوەزمەیەکی ترسناکتر لە شا کردەوە، ئەوان کە تامەزرۆی ئازادی و بەختەوەری و دێمۆکراسی لە ئێراندا بوون، خێرا هەموو بەڵین و درۆودەلەسەکانی خومەینیان قەبووڵ کرد و فریوی دروشمە بریقەدارەکان و لێدوانە ئایینیەکانیان خوارد.
بەڵام ئەوەی پاش هاتنەسەرکاری خومەینی ڕوویدا زۆر جیاوازتر لە بەڵێن و قسەکانی پێشووتری ئەو بوو، دێمۆکراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ و مافی گەلانی ئێران، بە پیلانی دوژمنان ناوی لێ برا و هەموو جۆرە ئازادییەک و هەرجۆرە بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە بیرۆکەی خومەینی قەدەغە کران و مافویستان و ئازادیخوازان کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری خومەینی و تاقمەکەی و تەنانەت بۆ سەرکوتکردن و ساکت کردنی کوردستان کە خوازیاری دێمۆکراسی و مافی خۆبەڕێوەبەری سیاسی بوو و لە ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزامدا بەشداری نەکردبوو، لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا فتوای جیهادی دەرکرد و خوێن و ژیان و سەروماڵی کوردەکانی بۆ سپای پاسداران حەڵاڵ کرد و بە دڕندانەترین شێوە تیرۆریستەکانی ویلایەت و سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕەوانەی کوردستان کرد و بە قیمەتی کوژرانی هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی کورد و ژن و منداڵی بێگوناح کوردستانیان داگیر کرد.
ئەو ڕێژیمە سەدەنێوەڕاستییە کە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵک و هەروەها پەنابردن بۆ سەرکوت، ئەشکەنجە، ئێعدام و تێرۆر باڵی بەسەر دەسەڵات و هەموو ئێراندا گرتووە، تەنیا ڕێگای بەردەوامی و مانەوەی خۆی لە کۆیلە کردن، ترساندن و بێدەنگکردنی خەڵک دەبینی. هەر بۆیە هەرجۆرە شایی و ئازادییەکی لە خەڵک قەدەغە کردووە و بە پەرەدان و بە خورافات و مەرسیە و سینەزەنی و ... هەموو کۆمەڵگای تووشی نەخۆشی و خەمۆکی کردووە.
گەر ڕۆژێک ئافرەتێک ویستبێتی ئەو زیندانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆی دیاری کردووە بشکێنێت و داوای ئازادی و بەرانبەری لە کۆمەڵگادا بکات، بە خێرایی و بە دڕندانەترین شێوە، بەسیجییەکان و هێزە بەناو ئینتیزامییەکان هەڵیان کوتاوەتە سەری و بە لێدان و بێحورمەتی کردن بەو ئافرەتە قۆڵبەست و ڕاپێچی زیندانەکانیان کردووە.
ڕۆژێک وەکوو ٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی ئەوکاتەی کە ویدا مووەحێد، لە شەقامی ئینقلابی تاراندا چووە سەر ترازی کارەبا و ڕووسەرییەکەی خۆی لەسەر هێنایە خوارەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە چڵکەدارێک بۆ ماوەیەک وەکوو ئاڵا لەسەر سەری خۆی ڕایوەشاند، ئەگەرچی ناوبراو هەر لەو کاتەدا بووە خوڵقێنەری شۆڕشێکی زۆر بێدەنگ کە بە کچانی شەقامی ئینقلاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوی دەرکرد، بەڵام هەر ئەو کارە بێدەنگەی ژنان بەهێزتر لە تەقینەوەی هەزاران مووشەک بناخەی دەسەڵاتی ڕێژیمی هێنایە لەرزەوە و دەستبەجێ تیرۆریستەکانی ویلایەت ئەو کچە بێتاوانەیان ڕاپێچی بێدادگاکانی دەسەڵات کرد و وەکوو هەمیشە بۆ پێشگرتن کە جووڵانی هەست و غەیرەتی خەڵک ئەوانیان بە مۆرەی بێگانە و داردەستی ئامریکا ناو برد.
لەم ڕۆژانەشدا کە وەرزی گەشت و گوزار لە ئێراندایە و زۆرێک لە لاوان و بنەماڵەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە فەزای خەفەقان و هەوای پیسی شارە گەورەکان ڕوو لە باکووری ئێران و شاری جوان و سەرەنجڕاکێشی گیلان دەکەن، کاربەدەستانی ڕێژیم باس لە پێکهێنانی ٢٠٠٠ گرووپی بەسیجی ژن و پیاو دەکەن، کە پێش لەهەرجۆرە شایی دەربڕینێکی خەڵک بگرن و چاوەدێری بکەن نەوەک ڕووسەرییەک لە سەری ئافرەتێک یان مێرمنداڵێک بکەوێتە خوار کە ببێتە هۆی وەلەرزە کەوتنەوەی دووبارەی کۆشکی دیکتاتۆری وەلی فەقیه و ڕووخانی ڕێژیمەکەی.
ئەو هەموو بگرە و هەڕەشە و چەوسانەوەیەی ژنان لە ئێرانی وەلی فەقیهیدا ئەو ڕاستییەمان پیشان دەدات کە ئازادنەبوونی ژنان و مانەوەی ئەو ڕێژیمە پێوەندییەکی زۆر نزیکیان پێکەوە هەیە، واتە تا ئەو کاتەی کە بوونی ژنانی ئێران تەنیا لە گۆشەی ئاشپەزخانەکاندا قەتیس بکرێتەوە، ڕێژیم دڵشادە و درێژە بە دەسەڵاتەکەی دەدات، بەڵام هەر کات ژنانی ئێران زنجیرەکانیان فڕێ دا و هاتنە ناو شەقامەکان و هاواریان کرد: "نە آخوند میخوایم نە روسری، ئازادی میخوایم و برابری"، ئەو کاتە هیچ جێگایەک بۆ دێوەزمەکانی ویلایەت و داڵاش و قاڵاوە ڕەشپۆشەکانی نامێنێتەوە و کۆشکی دەسەڵاتەکەیان بۆ هەمیشە دەڕوخێت.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.