کوردستان میدیا: کۆمیتەی ئیمدادی ڕێژیمی ئێران کە ئەسپێردراوی سەرەکیی یارمەتی گەیاندن بە بێبەشەکانە، بەزۆر خەڵکی چاولەدەستی شارستانی بێجنورد بۆ عەتەباتی عالیات دەنێرێت.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، بەرپرسی گشتیی "کۆمیتە ئیمداد"ی خۆراسانی شوماڵی، وتوویەتی: "لە گەڵاڵەی هۆکاری زیارەت بین (بانی زیارت شویم)، لە ساڵی ڕابردوودا، بۆ زیارەتی ئەربەعین، یارمەتیی خەڵکی بێبەش و کەربەلانەچوو درا کە، "بونیادی کەرامەتی ئیمام ڕەزا"، بەپێی بودجەی تەرخانکراوی ئاستانی قودسی ڕەزەوی، جگە لەوە، ١٠ میلیارد ڕیاڵی تر بۆ ئەم کارە تەرخان کراوە".
ئەو کارەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ٩٥دا، بوومەلەرزەیەکی بەهێز، شاری "پێش قەڵا"ی سەر بە شارستانی بێجنوردی هەژاند و لەنێوی برد و بەرپرسانی ڕێژیم لەم ناوچەیەدا، هێشتا پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئەو بوومەلەرزەیەدا، هیچ هەوڵێکیان بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی "پێش قەڵا" نەداوە.
جیا لە پارێزگای خۆراسانی شوماڵی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، پارێزگای بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، تا ئێستاش بەدەست کێشەکانەوە دەناڵێنن و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بەڵێنیی بێبنەما دەدەن.