کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندانی لە "تەنگیسەر" گرتووە

17:35 - 21 رێبەندان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕێژیم بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان لە گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری "سنە" ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە بردووە.

لەو ڕێوەڕەسمەدا بەرپرسانی ڕێژیم بە زۆرەملێ سروودی تایبەت بەو ڕۆژەیان لەبەر منداڵان کردووە و بە قوتابییانیان وتووە کە ئەگەر لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری نەکەن لە قوتابخانە دەردەکرێن.

ڕێژیم بۆ ئەو مەبەستە کە خۆیان پێشبێنی ئەوەیان کردبوو کە خەڵکی "تەنگیسەر" پیشوازی لەو ڕێوڕەسمەی ڕێژیمدا ناکەن پێنج مینی بووس خەڵکی دیکەی لە شوێنی دیکە هێنابوو و لە مزگەوتی ئەو گوندە جێگیریان کردبوون و جگە لە چەند کەسێکی هەڵخەڵەتاو کەسی دیکەی خەڵکی "تەنگیسەر" بەشدارییان نەکرد.

هەروەها ڕێژیم بە قوتابییانی ئەو گوندەی وتبوو کە ئەگەر شاخە گوڵێک بۆ پێشوازیکردن لە بەرپرسان بێنن بڕی ٢٥٠ هەزار تمەن خەڵات وەردەگرن بەڵام سەرەڕای ئەو بڕە پارەیەش منداڵان ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن.

بەرپرسانی ڕێژیم هەر یەکە و چەپییەکیان بۆ قوتابییان هێنابوو کە لە ملیان بکەن بەڵام ئامادە نەبوون و ڕێگەیان نەدا ئەو چەپییانەش بخەنە ملیان.

ڕێژیم لە ئێوارەی ڕۆژی پێشترەوە گوندی "تەنگیسەر"ی بە هێزەکانی خۆی ملیتارێزە کردبوو.