کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دۆلاری ساختە لە بازاڕەکانی عێراقدا بڵاو دەکاتەوە

11:19 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی بۆ شێواندنی زیاتری بارودۆخی عێراق و بردنەسەری ئاستی قازانجە ئابوورییەکانی خۆی فێڵێکی نوێی بینیوەتەوە.

بەمەبەستی هەرچی زیاتر تێکدانی دۆخی ئابووریی عێراق و هەروەها بەجۆرێک دەوردانەوەی تەحریمەکان و دەسخستنی داهات و پارە بۆ سیاسەتە دوژمنکارانەکانی، ڕێژیم دۆلاری ساختەی ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

بەپێی هەندێک هەواڵ کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، کۆماری ئیسلامی بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان و وەدەستخستنی پارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی خۆی لەمەڕ سەرکووتی زیاتری خەڵک و بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی لە ناوچەدا، دەستی کردووە بە چاپی دۆلاری ساختە و ڕەوانەکردنی بۆ بازاڕەکانی عێراق.

ئەم کردەوەیەی ڕێژیم جیا لە قازانجی ئابووریی کە پێی دەگەیەنیت و دەتوانێ بەهۆیەوە بەشێک لە خەساری تەحریمەکان کەم بکاتەوە، خەسارێکی قورسیش وەبەر پەیکەری ئابووریی هەرێمی کوردستانی عێراق دەدات کە قەرەبووکردنەوەی بڕێک ئەستەم دەبێت.

ئەمە تەنیا یەکێکە لەو ڕێکارانەی کە ڕێژیم بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان گرتوویەتە بەر؛ ماوەیەک پیش ئێستاش بەناو نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ڕێژیم، وەک خۆشخزمەتییەک بە دەسەڵاتی ناوەندی و بە دانی پێشنیاری ئەوەیکە ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکان لە کوردستان ئازاد بکرێن تاکوو خەڵک لە گوشارە ئابوورییەکانی ژیان دوور بکەونەوە(!!!)، هەوڵی دەورلێدانەوەی تەحریمەکان دەدەن.

ناوبراو وتوویەتی: ئامریکا بە چوونەدەری تاکلایەنە لە بەرجام دەیهەوێ هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەل بۆ ئێران سنووردار بکات و بەمشێوەیە خەڵک بکەونە ژێر گوشار و ناڕەزایەتی دەرببڕن کە لەم کاتەدا ئێمە دەتوانین بە ئازادکردنی ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکان تەحریمەکان دەور بدەینەوە و گوشارەکان بۆسەر "دەوڵەت" کەم بکەینەوە.

ئەم هەوڵە قێزەونە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە تا پێش لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئابووریی ڕێژیم، نەتەنیا هیچ ئاسانکارییەک بۆ وەگەڕکەوتنی ئابووریی کوردستان نەدەدرا، بەڵکوو تەنیا سەرچاوەی داهاتی خەڵکی کوردستانیش بەهۆی هێزە داپڵۆسێنەر و خۆسەرەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی کوردستان وشک کرابوو.