کورستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە جیاتی ئەوەی کە به دۆخی نالەباری قوتابخانەکان ڕابگات، داوای یارمەتییان لێ دەکات.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی مەهاباد، بە بیانوی یارمەتی بەڵافاولێدراوان، داوای هێنانی پارە لە قوتابییان کراوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، لە قوتابخانەکانی شار و گوندەکانی مەهاباد، بە بیانووی یارمەتیدان بە لافاولێدراوان هەر قوتابییەک پاکەتێکی پێ دراوە کە بەپێی توانا پووڵی تێ بخات.
ڕێژیمی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تەواوی تێچووەکانی لە ئەستۆی قوتابییان خستووە و تەنانەت لە قوتابخانەکان خزمەتگوزار و سەرایەداری فەرمییان نییە و مووچەی سەرایەدارەکان لە لایەن قوتابییانەوە دەدرێت.
ئەوە لە حاڵێکدایە، دۆخی قوتابخانەکانی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نالەباردایە و قوتابییان لە دۆخێکی زۆر دژوار و مەترسیداردا دەخوێنن.
شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران، هەنووکە پێویستییان بە چەندین قوتابخانەی نوێ هەیە و بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمی ئێرانیش بە درێژەدانی سیاسەتی هەڵاواردن بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو پرسە هەڵ ناگرن.
هەروەها، ڕێژیمی ئێران ئەو یارمەتییانەی کە لە قوتابییانی وەر دەگرێت، بە هیچ شێوەیەک لە قوتابخانەکانی خەرج ناکات و بۆ ئامانجێ خۆیان بەکاری دێنن.