کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە بەرەبەری نەورۆزدا هەڕەشەکانی توندتر دەکات

17:25 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەکانیان لەسەر خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەنەبردن و پێشگرتن لە جێژنی نەورۆز توندتر دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی خوێندنگاکانی پیرانشار و لەوانە خوێندنگەی سەرەتایی کچانەی "نیلووفەر" بانگهێشتی دایکان و باوکانی قوتابیانی کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە منداڵەکانیان بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەری ساڵ و نەورۆزدا نەکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرجەم دام و دەزگانی ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی جۆارجۆر هۆشداریان بە خەڵکی کوردستان داوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا نەکەن.

لەو پێوەندییەدا ناوەندە سایبرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فەرمی بڵاویان کردەوە کە خەڵک بەپیر بانگەوازی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمەوە بە نیسبەت بەڕێوەبردنی جیژنی نەورۆزەوە نەچن.

لەو ئاگاداریانەدا هاتووە، لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێران لە هەوڵ دان کە خەڵک بە مەبەستی شێواندنی بارودۆخی ئەمنییەتی لە شارەکانی کوردستان ڕابکێشنە سەر شەقامەکان.

 هەر لەو پێوەندییەدا، ئەماکنی ڕێژیمی ئێران، لە شاری کامیاران، هەتا کۆتاییی نەورۆز، دەستی بەسەر کارتی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئەو شارەدا گرتووە.

 ئەو ناوەندەی ڕێژیمی ئێران  لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارە، داوای لێ کردوون کە کارتی هونەرمەندیی خۆیان ڕادەستی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن.