کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە قوتابخانەکانی شاری سەقز بە بیانووی تاقیکاری لە منداڵان پارە وەردەگرێت

10:40 - 10 رەشەمه 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" بەرپرسانی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "زێنەب" لە گەڕەکی "حەماڵاوای" شاری سەقز ماوەی چەند مانگە لە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەزار تمەن پارەیان بۆ تاقیکاریی کتێبی "زیستشناسی" وەرگرتووە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو تاقیکارییە بەڕێوە نەچووە.

قوتابییان بەدوای بێ هیوابوونیان لەو تاقیکارییە داوایان کردووە پارەکەیان پێ بدەنەوە، بەڵام بەرپرسانی قوتابخانە پێیان وتوون: "لە هەژماری دوڵەت کراوە و ئیتر ناتوانین پێتانی بدەینەوە". جێگای ئاماژەیە کە لە چەند قوتابخانەی سەقز ئەو پارەیە لە قوتابییان وەرگیراوە.

وەرگرتنی ئەو پارەیە لە قوتابییان لە حاڵێکدایە کە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی پەتای کۆرۆنا خوێندنی ڕاستەخۆ لە قوتابخانەکان بەڕێوە ناچێت، بەڵام دەستوپەیوەندەکانی ڕێژیم بە فێڵ و بیانووی جۆراوجۆر لە قوتابییان پارە وەردەگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە سەقز جیاوازی لەنێوان گەڕەکە پەراوێزنشینەکان و گەڕەکەکانی ناوەندیی شاردا دادەنێت، بە جۆرێک کە گەڕەکە پەراوێزنشینەکان خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆیان بۆ دابین ناکرێت.