کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە پارێزگای خووزستان دەستی داوەتە ڕەشبگیری

10:46 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە دوای هێرشی چەند چەکدارێک بۆ سەر ڕێژەی نیزامیی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ئەهواز، ڕێژیم دەستی بە ڕەشبگیری کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکراوە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە دوای تەقەکردنی چەند چەکدارێك بەرەو شوێنی ڕاوەستانی فەرماندە و بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێژەی نیزامیی هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران، هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان ٢٢ کەسیان بە تۆمەتی بەشداربوون لەو هێرشە دەسبەسەر کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: پێنج کەسیان سەر بە گرووپە جیاییخوازەکان سەر بە وڵاتانی عەرەبی ناسراون و ماڵی تیمی ئەم کەسانە ئاشکرا کراون، ٢٢ کەس لە پشتیوانکەرانی نێوخۆی ئەو ڕووداوە دەسبەسەر کراون".

ڕاستەوخۆی دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە، بەرپرسانی ڕێژیم وڵاتانی سعوودیە، ئەمارات و ئامریکایان وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشانە ناوبرد، بەڵام هەر سێ وڵات بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو ئەم تۆمەتەی ڕێژیمیان ڕەت کردەوە.

وا دەردەکەوێت ڕێژیم وەک هەمیشە، لە دوای هەر ڕووداوێکی هاوچەشن و بە بیانووی بەشداربوون لەو ڕووداوە دەست دەکات بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و وەک هەلێک بۆ لەنێوبردنی هەموو جیابیرەکانی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرێت.