کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کاتە قەیراناوییەکاندا گوشار دەخاتە سەر خەڵک

11:02 - 18 رەشەمه 2719

ڕێژیمی ئێران بەڵێنیی ڕەچاوکردنی دۆخی قەیراناویی خەڵکی بەنیسبەت دانی پارەی ئاو و کارەبا و گاز و هتدی... داوە و لەلایەکیشەوە لە خەڵکی دەپچڕێنێت.

لە حاڵێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووی کردووەتە کوردستان و ئێران و بە شێوەیەکی بەربڵاو خەریکی پەرەسەندنە ڕێژیمی ئێران بەڵێنیی دابوو کە خەڵک نیگەرانی دانی پارەی ئاو و کارەبا تا کۆتایی مانگی بانەمەڕ نەبن بەڵام لەلایەکی دیکەوە لە خەڵکی دەپچڕێنن.

بەپێی زانیارییەکان لە کاتێکدا کە بەڵێنی ڕەچاوکردنی دۆخی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە دراوە، بەڵام شیرکەتی کارەبا لە هەندێک لە شارەکاندا بە ناردنی کەسی تایبەت بۆ بەر دەرگای ماڵ و دووکانەکانی هاووڵاتییان هۆشدارییان بە خەڵک داوە و هەروەها هەڕەشەی پچڕاندنی کارەبایان کردووە و لە هەندێک شوێنیشدا کارەبای لە خەڵک بڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا شیرکەتی کارەبا لە پارێزگای ئیلام و شارەکانی، مەئمووری تایبەتیی ناردووەتە بەر دووکان و ماڵەکانی خەڵک و لە پلەی یەکەمدا هەڕەشە و هۆشدارییان بە خەڵک داوە و لە پلەی دووەمیشدا دەستیان کردووە بە پچڕاندنی کارەبای هاووڵاتییان لەو پاریزگایەدا.

ڕێژیمی ئێران لە کاتە قەیراناوییەکاندا بەڕێوبەریی قەیران دەکات، بە شێوازێک کە دۆخەکە بە زەرەری خەڵک و بە سوودی خۆی دەقۆزێتەوە.