کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستاندا هێڵی تەلەفۆنەکان دەپچڕێنێت

11:27 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش جیرەبەندی و پچڕانی کارەبا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕێژیم ئەم جارە لە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتدا هێڵی تەلەفۆنیش دەپچڕێنێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە دروشمی خۆڕایکردنی ئاو، کارەبا، تەلەفۆن و هتد و کۆمەڵێک بەڵێنی دۆریان بە خەڵک دا، لە ماوەی چل ساڵی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا و بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردووشدا نەتەنیا دروشم و بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو هەر لەو بوارانەدا کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە زۆر کێشە و گرفتی جیددیان بۆ خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لەو وڵاتە و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کردووە.

لەم بارەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ۲۸ی بانەمەڕ، "مۆسیب قوبادیان"، بەرپرسی ناوچەیی موخابەراتی ڕێژیم، لە پارێزگای کرماشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندووه: بە هۆی قەرزداربوون و نەدانی ئابوونەی مانگانەی هێڵە تەلەفۆنەکان، هێڵی تەلەفۆنی زیاتر لە ۳۷ لەسەدی دانیشتوانی ئەو پارێزگایەیان بچڕاون.

هەروەها، ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "لە پارێزگای کرماشان، زیاتر لە ۵۳٤ هەزار هێلی تەلەفۆن و بەردەنگی چالاکی تەلەفۆنی خانوو (تلفن ثابت) بوونی هەیە و لەو ڕێژەیەش، زیاتر لە ۸ میلیارد تمەن بە موخابرات قەرزدارن و ئابوونەی مانگانەی تەلەفۆنەکانیان نەداوە، بەم هۆیەشەوە ئێمە توانای دابینکردن و پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانمان نییە، بۆیە ناچار بووین هێڵی تەلەفۆنی قەرزدارەکان بچڕێنین".

پچڕانی هێڵی تەلەفۆنی لە شارەکانی پارێزگای کرماشان، دانیشتوانی ئەو پارێزگایە و بەتایبەتی خودی شاری کرماشانی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی جیددی بەرەڕوو کردووەتەوە و بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمیش، بە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەیان ڕاگەیاندووە، کە تاکوو قەرزەکانی موخابرات نەدەنەوە، هێڵە تەلەفۆنەکانیان چاک ناکەنەوە.

لەم پەیوەندەییەدا لە ڕۆژانی ڕابردووش، لە بەرەبەری هاتنی وەرزی هاوین و دەستپێکی گەرما و پێویستبوونی کارەبا (برق) لە ئێران و کوردستان، بەرپرسانی دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان کارەبا جیربەندی دەکەن و ڕۆژانە بۆ ماوەی ۲ کاتژمێر کارەبا نابێت، ئەم هۆکارەش هاووڵاتییانی لەگەڵ کێشەگەلێکی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.