کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هێرش دەکاتە سەر چالاکانی مەدەنی

12:54 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی دەکەن و پێش بە کۆکردنەوەی یارمەتی لە لایەن خەڵکەوە دەگرن.

بەپیی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعات و هیلال ئەحمەری ڕێژیم، لە شاری مەهاباد، هێرشیان کردە سەر چالاکانی ئەنجومەنی "ژیانەوەی سروشت" لە مەهاباد و پێیان وتوون، کە دەبێت کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" کۆ بکەنەوە و هەوڵی پێشگرتن بە چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنەیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوان داوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا دەڵێت: ئەو ئەنجومەنە بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیم درێژەی بە کارەکانی خۆی داوە و بەردەوامە لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستاندا.

جیا لە هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەنجومەن و چالاکانی مەدەنی، هیلالی ئەحمەریش لە چەندین شار ئەو خێوەتانەی کە خەڵک بۆ یارمەتیدان به خەڵکی لافاولێدراویان کۆ کردبووە و ڕادەستی ئەو ناوەندەیان کردبوو، لە "سایتی دیوار" بۆ فرۆشتنی داناون.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەکەوە هۆشداری بە خەڵک دەدەن، کە نابێت خۆیان یارمەتی کۆ بکەنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەستوور بە خەڵک دەدەن یارمەتی کۆ بکەنەوە و ڕادەستی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی بکەن، ئەمە بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوتووە کە ڕێژیم ئەو یارمەتییانه بۆ بەرژەوندی خۆی بکار دێنێت.