کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵک لە دۆلار

11:26 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: جیا لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم لە بازاڕی ئەرز و سەڕافەکانی دۆلار، بەمەبەستی هێورکردنەوەی بازاڕی شڵەژاوی ئەرز، پۆلیسی تاران هۆشداری داوە کە نابێ زێڕ، سکە و ئەرز لە ماڵدا ڕاگرن!

بابەک نەمەکشناس سەرۆکی ناوەندیی زانیاری گەیاندنی پۆلیسی تاران هۆشداری داوە بە ژنان کە بەهیچ شێوەیەک خشڵ و زێڕەکانیان لە ماڵدا ڕانەگرن؛ هەروەها ڕایگەیاندووە چونکە ڕێژەی تاوانەکان و یەک لەوان دزی زیادی کردووە نابێ دۆلار و ئەرزەکان لە ماڵدا ڕابگیرێن و پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ بانکەکان تاکوو بە پارێزراوی بمێننەوە!

ئەم قسە و لێدوانانە کە دەرخەری نەمانی ئەمنیەت و زیادبوونی بێزێهکارییە کۆمەڵایەتییەکانە بەمەبەستی درووست کردنی ترس لە دڵی خەڵک و هاندانیانە بۆ گواستنەوەی ئەرز و دۆلارە بۆ گیرفانی حکوومەت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بازاڕی ئەرزی ئێران هەڵکشان و داکشانێکی بێوێنەی بەخۆوە بینی کە لە مێژووی ئێراندا تۆمار نەکراوە؛ ئەمەش دوابەدوای لێدوانەکانی ترامپ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نیزیک بوونەوە لە خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا هاتە ئاراوە.

پاش ئەم ڕووداوانە لە ناکاو خەڵک هێرشیان بردە سەر بازاڕەکانی ئەرز و دۆلارەکانیان بە تمەن گۆڕییەوە؛ لەم پێوەندییەدا بەشێک لە کارناسانی کاروباری ئابووریی ئێران پێیان وایە دابەزینی لەناکاو و کوتوپڕی نرخی دۆلار بۆ پیلانێکی دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە بەشێوەی هاوبەش لە نێوان سپا، بانکی ناوەندی و دەزگای دەنگ‌وڕەنگی ڕێژیم ئەنجام دەدرێت.

بەوتەی بەشێک لە چالاکان و چاودێرانی کاروباری ئێران، ڕێژیم لە ڕێگەی ئیدارەی دەنگ‌وڕەنگەوە ترس دەخاتە دڵی خەڵک لەمەڕ زەرەرمەندبوونیان لە نرخی دۆلار و بەهۆی گوشاری سپاوە هەوڵ دەدەن دۆلار لە دەستی خەڵک بستێننەوە و ڕادەستی دەوڵەتی بکەنەوە.

ستیڤ هانکێ مامۆستای زانکۆی جانز هاپکینزی ئامریکا کە چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاندبوو هەڵاوسانی ئێران گەیشتووەتە ٣٥١%، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا سەبارەت بەم پیلانەی ڕێژیم وتوویەتی: کەمبوونەوەی نرخی دۆلار تەنیا سیناریۆ و فریوکارییەکی ڕێژیمە کە لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دەکرێت، ئەوەیکە ڕوونە دابەزینی بایەخ و نرخی دۆلار لە ئێران کاتییە و دەوڵەت دەستی باڵای تێدا هەیە.

هاوکات بەپێی هەندێک هەواڵی دیکە سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی دۆلاری ساختە لە نێو بازاڕدا هەم تۆڵە لەو خەڵکە دەکاتەوە کە باوەڕیان بە ڕێژیم نەماوە و هەم هەوڵی شێواندنی بازاڕ دەدات تاکوو لەم ئاوە لێڵە ماسی خۆی بگرێ.

ئەم بارودۆخە لە دنیا مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ڕەنگدانەوەی تایبەتی خۆی هەبووە: لە تویتێردا کەسێک بەناوی "نجفی تهرانی" نووسیویەتی: ئەو کاتە کە نەدەبا دۆلارتان کڕیبا کڕیتان، ئێستە کە نابێ بیفرۆشن دەیفرۆشن، ئەمە یانی تا ئەو کاتەی خەڵک لە زەوی ڕێژیمدا یاری دەکەن و تەنیا بۆ چەند میلیۆن قازانجی کورتماوە لەگەڵ حکومەتێکدا کە دەزانن فریوکارە مامەڵە دەکەن چارەنووسێک باشتر لەمەتان نابێ کە ڕۆچوونی زیاترە لە باتڵاق.

بەکاربەرێکی دیکەی تویتێریش بەناوی مەکتووب وتوویەتی: زۆر کەس باس لە دۆلاری ٣ هەزار تمەنی دەکەن؛ من دۆلاری ٨٠٠ تمەنیشم لە بیرە، ئەو کاتیش هیچ ئازادییەک نەبوو، بەپێچەوانەوە ئێعدام و زیندان و ئەشکەنجە هەر وەک ئێستە هەبوو؛ نە ئازادی هەبوو نە دێموکراسی، هەر وەک ئەمڕۆ.