کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەڕەشە لە وڵاتانی سعوودییە و ئەمارات دەکات

11:01 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە دوای ڕوودانی هێرشی چەند چەکدارێک بۆ سەر ڕێژەی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران، ڕێژیمی ئێران  وڵاتانی سعوودییە، ئەمارات و ئامریکای بە بکەرانی سەرەکیی ئەم هێرشە تۆمەتبار کرد.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدئۆییەک لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم، بە نیشاندانی پێتەختی وڵاتانی سعوودیە و ئەمارات هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی هێرشە چەکدارییەکەی بۆ سەر ڕێژەی هێزە نیزامییەکەی سپای پاسداران، لە شاری ئەهواز دەکات و ڕای دەگەیەنێت، کە پێتەختی ئەو وڵاتانە مووشەکباران دەکات.

ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێژەی نیزامیی هێزەکانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسداران بە بۆنەی یادکردنەوەی ٨ ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق، لە شاری ئەهواز چەند چەکدارێک هێرشێکی چەکداریان کردە سەر ئەو ڕێژەیە و ڕوو بە شوێنی بەرپرسانی ڕێژیم تەقەیان کرد.

ڕاستەوخۆ دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستی تۆمەتیان بۆ وڵاتانی ئامریکا، سعوودییە و ئەمارات ڕاکێشا.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران  لە ڕاستای درێژەدان بە سیاسەتەکانی خۆی هەر جارێک ڕووداوێک لە نێوخۆی وڵاتی ئێراندا ڕووی دابێت، وڵاتانی دەرەوەی تۆمەتبار کردووە و هەوڵی خۆڵکردنە چاوی خەڵکی داوە.

ڕێژیم دەیەوێت بە پەیوەندیدانی ئەم هێرشە بە وڵاتانی دەرەوە ترس بخاتە دڵی خەڵکەوە و هێرشەکە وەک هێرشێکی تیرۆریستی نیشان بدات.

دوای تۆمەتبارکردنی ئامریکا، سعوودییە و ئەمارات لە لایەن ڕێژیمەوە، ئەم سێ وڵاتە بە توندی ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردەوە و نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکاری ڕوودانی ئەم هێرشەی بە ئاکامی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانی زانیوە.