کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم کە مەترسیی خرۆشانی خەڵک پێشبینی دەکات، خۆی بە هاودەردی خەڵک نیشان دەدات

19:14 - 31 پووشپەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران کە بەهۆی ناکارامەیی و بێکفایەتی تووشی بنبەست بووە و لە نێو خەڵکدا ڕەوایی نەماوە، خۆی بە شەرمەزار و هاودەردی خەڵک دەزانێت.

''ئیسحاق جەهانگیری'' جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، لە دانیشتنی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ''وەرزش و لاوان'' وتوویەتی؛ وڵات لە دۆخێکی دژوار و مەترسیدار دایە و خەڵک لە بواری ئابووری و بژیوی ژیان لە دۆخیکی نالەباردان.

ناوبراو وتوویەتی هەست بە کێشەکان دەکەین و شەرمەزاری خەڵکین.

لە ئێستادا بەهۆی ئەم دۆخەوە کە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێت، ئەو بەرپرسەی ڕێژیم دڵنەوایی لەگەڵ خەڵک دەکات و هەروەها بەڵینیی درۆیان پێ دەدات و ئیدعای چاکسازی دەکات.

ڕێژیمی ئێران لە نێو خەڵکدا ڕەوایی نییه و خەڵک هیچ متمانەیان بەو ڕێژیمە نەماوە، هەر بۆیە بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان لە بەرامبەر خەڵکدا بێ تاوان نیشان دەدەن.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان، ڕێژەی بێکاری، گرانی ،هەژاری، خۆکوژی، گەندەڵی، نرخی هەڵاوسان و... گەیشتووەتە ئەو پەڕی خۆی و لە ئێستادا بەرپەرسانی ڕێژیم کە توانای بەڕێوبەری ئەو وڵاتەیان نەماوە مەترسی خرۆشانی خەڵک لە پێش خۆیان دەبینن، خۆیان بە شەرمەزار دەزانن و بەڵینیی درۆ بە خەڵک دەدەن.