کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گوشارەکانی سەر خەڵکی ئێران چەند قات دەکاتەوە

13:08 - 16 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەوڵێکی نوێدا بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر خەڵک و کونتڕۆڵکردنیان، گرووپێکی بەسیجییان بۆ پێشگرتن بە "بێ حیجابی" پێک هێناوە.

ڕێژیمی تۆتالیتێر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی گوشارەکانیدا بۆ سەر خەڵکی ئێران، ئەم جارە و لە هەوڵێکی نوێدا، دوو هەزار گرووپی بەسیجیی، بۆ گەشتی شەوانە لە پارێزگای گێڵاندا بە مەبەستی پێشگرتن بە "بێ حیجابی" واتا سەپاندنی "حیجابی زۆرە ملی" و"هۆشداریدانی زارەکی و کردەیی" بەو بەناو یاساشکێنییە  پێک هێناوە.

فەرماندەی سپای قودسی گێڵان، پاسدار "محەممەد عەبدوڵڵاپوور"، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی جۆزەردان، ڕایگەیاندبوو: کە وەرزێکی نوێ لە "ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" لەو پارێزگایەدا دەست پێ دەکات، کە ٢هەزار گرووپی بەسیجی بە مەبەستی، "هۆشداریدانی زارەکی و کردەیی" پێک هاتووە.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم وردەکاریی ئەو کارەی کە بڕیارە گرووپە بەسیجییەکان لە چوارچێوەی ئەو گرووپانەدا جێبەجێ بکەن، باس لێوە نەکردووە، بەڵام ڕاگەیەندراوە: "٢٢ هەزار کەس لە بەسیجییەکانی گێڵان، بە شێوەی هەفتانە لەو پارێزگایەدا گەشتی شەوانە لێ دەدەن".

ڕوانگەی ئەمنییەتیی بەرپرسانی ڕێژیم، سەبارەت بە بابەتی "حیجاب" و جەختکردنەوە لەسەر پێویستبوونی "ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر"، تا ئاستێکە کە فەرماندەی سپای قودسی گێڵان، لەبیر کردنی ئەو دروشمەی بەرانبەر لە گەڵ "ڕووخانی ئینقلاب" ناو بردووە.