کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران به‌ڕێوە‌به‌ر‌ و خولقێنه‌ری‌ دیاردە‌ دزێوە‌كانی‌ كوردستانه

11:01 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ماوەیه‌كه‌ دیاردە‌ دزێوەكانی‌ وەكوو دزیكردن، چه‌قۆكێشی‌، ئێعتیاد‌ و مه‌وادفرۆشی‌ به‌ شێوەیه‌كی‌ زۆر به‌رچاوتر له‌ جاران له‌ كوردستان ‌و بەتایبەت له‌ شاری سه‌قزدا، ڕووی‌ له‌ زیادبوون كردووە‌.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باس لەوە دەکات، لات و چه‌قۆكێشه‌كان‌ و دەستوپێوەندییه‌كانی‌ سەر بە ڕێژیم بەرۆک بە خەڵک دەگرن و پارەیان لێ دەستێنن و بەو شێوە گاڵته‌ به‌ شه‌رافه‌ت‌ و ماڵ ‌‌و سامانی‌ ئه‌و خه‌ڵك دەکرێت.

ئەم هەواڵنێرە لە پێوەندی لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی دزی باسی لەوە کردووە، کە لە شاری سەقز هاووڵاتییەکی ئەو شارە ماشینەکەی دەدزرێت و دواتر لە لایەن دزەکەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت و بە مەرجی ئەوەی ٧ میلیۆن تمەن بۆ سەر حەسێبەکەی بنێرێت، ئادرەسی ماشینەکەی پێ دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە دزەکە ناسراوە و ژمارە حەسێبی بە ماڵدزراوەکە داوە، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم پێیان ڕاگەیاندووە، کە شوکری خودا بکات کە بە ٧ میلیۆن نەجاتی بووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، کە  مه‌وادفرۆشتنیش وەك شتێكی‌ زۆر ئاسایی‌ لێ‌ هاتووە و له ‌لایه‌ن دە‌ستوپێوە‌ندییه‌كانی‌ ڕێژیمه‌وە‌ به‌ ئاشكرا دەفرۆشرێت‌.