کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی خۆی، کە دەستیان لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە، لە ئێستادا وڵاتی عێراقی بە ماددە هۆشبەرەکان گرفتار کردووە.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای "بەسرە"ی عێراق ڕای گەیاند، لە پێوەندی لەگەڵ زیادبوونی دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نێوان گەنجان و لە زانكۆ و قوتابخانە و قاوەخانەكانەدا هۆشداری دا و ڕێژیمی ئێرانی بە هۆکاری ئەو کێشە ماڵوێرانکەرە زانی.
ئەو بەرپرسە نیزامییە باسی لەوە کردووە، سەرچاوەی هاتنی ماددەی هۆشبەر بۆ بازاڕەكانی پارێزگای بەسرە ڕێژیمی ئێرانە؛ هاوکات "حاكم زاملی" یەکێک لە بەرپرسانی "ڕەوتی سەدر" دانی بەوە دانەوە ئێران و ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەكیی هاتنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراقن.
زاملی ڕوونی كردووەتەوە، نزیکەی ٢٦٥٠ هەزار بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە گرتووخانەكانن، بەڵام بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بە بەردەوام لە سزا ڕزگاریان دەبێت، چونكە ئەوان سەر بە پارتە سیاسییەكانن. زاملی باسی لەوەش کردووە، تەنانەت قوتابخانەكانی كچانیش بە دەست ماددە هۆشبەرەکانەوە گرفتارن.
هاوکات "فەریق ڕوكن ڕەشید فلەیح"، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسرە، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئاشكرای كرد، كە ٨٠%ی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو پارێزگایە لە ئێرانەوە ڕەوانە دەکرێت.
دوای ئەو لێدوانەی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسرە، "محەممەد ئیسماعیل"، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە كۆنسۆلخانەی ئێران لە بەسرە لەم بارەوە وتوویەتی: ئەو جۆرە لێدوانانە بە زەرەری پێوەندییەکانمان تەواو دەبێت.
لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو "سدیق خۆركی" بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە سەر ٣١ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری "هێرۆئینـ"ـدا گرتووە.
ناوبراو وتیشی: ئەو ماددە هۆشبەرە لە ڕێگای كۆڵبەرییەوە لە سنووری نێوان شارەدێی حاجی عومەران و پیرانشاری ئێران هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە.
مانگی خەزڵوەری ئەمساڵیش "یورۆنیووز" لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد، پۆلیسی ئیتالیا دەستی بەسەر بارێکی هێرۆئیندا گرتووە کە وەک خۆیان دەڵێن لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە؛ بەپێی زانیارییەکان ئەم بارە هێرۆئینە لە نێو کانتینێرێکدا لە نێو کەشتییەک جێسازی کرابوو، کە لە بەندەر عەباسدا بارگیری کرابوو.
ڕێژیم خۆی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات و زۆرینەی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم قاچاغچیی ماددەی هۆشبەرەکانن و تەنانەت سپای پاسدارانی ڕێژیم نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکە و جیهاندا بەتایبەت لە وڵاتە ئافریقایییەکان و ئامریکای باشووریشدا بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات.