کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە

11:58 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پووش و پاوانەکانی ئێران و کوردستان، ڕووی لە هەڵکشانە و ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئێکۆسیستم و سروشتی ئەو وڵاتە.

"عەلی عەباس‌نژاد"، فەرماندەی یەگانی پاراستنی ڕێکخراوی دارستان و لێڕەوارەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی وڵات، لە درێژەی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەنیسبەت ماوەی هاوشێوەی سالی ڕابردوو، ٣٠ لەسەد هەڵکشاوە کە نزیک بە ٩٥ لەسەدی هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە مرۆییەکان".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە خەڵک بە هەڵکردنی ئاگر لە دارستانەکاندا، فڕێدانی فیلتێری جگەرە و ئەو بەرماو و زبڵانەی کە شەبەقەکانی خۆر دەگەڕێننەوە، هۆکارگەلی سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەن.

بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت لەم بوارەشدا چەواشەکاری دەکەن و وەک نموونەیەک، تەنیا لە کوردستاندا بەپێی بڵاوکراوەی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، لە ماوەی ۳ مانگی ڕابردوودا، ۱۹۰ حاڵەتی ئاگرتێبەردان تەنیا لە شاری مەهاباد و دەوربەریدا ڕووی داوە، کە ۱٦٥ حاڵەتیان لەنێو خودی شار و ۲۵ حاڵەتیشیان لە ناوچەکانی دەوربەری ئەو شارەدا ڕوویان داوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردووشدا، هەتاکوو ئێستا، ۱۱٦ جار مەزرا، باخات و زەوی و کشتوکاڵی خەڵکی ناوچەکانی دەوربەری شاری مەهاباد ئاگریان تێبەردراوە و زەحمەت، ئەرک و ماندووبوونی خەڵکی ئەو ناوچانە بە خەسار دراون و بەرامە و بەرهەمی ئەو باخات و کشتوکاڵانەش بە فیڕۆ چوونە.