کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا بە چەند ئاماری جیاوازەوە

15:48 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باسی لە ئاماری بێکارییەکی زۆر و قەیراناوی کردووە.

ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بە پێشکەشکردنی ئەنجامی ئاماری سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو و هەروەها وەبیرهێنانەوەی خۆپیشاندانەکانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێژەی بێکاریی لە ئێرانی بە قەیراناوی و نیگەرانیی ناو بردووە.

لەم ڕاپۆرەتەدا هاتووە: لە ساڵی ٩٣ـەوە هەتا ساڵی ٩٦، زیاتر لە دوو میلیۆن کەس بە ڕێژەی ٢١ میلیۆنیی کەسانی خاوەن کار زیاد بووە، کە وەکوو ڕووداوێکی گرنگ ناویان لێ بردووە، لە حاڵێکدا لە بەرانبەر ئەمەدا نزیک بە ٣ میلیۆن بە ڕێژەی بێکارانی ئێران زیاد کراوە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم، لە بەهاری ئەمساڵدا ئاماری بێکاری بە زیاتر لە ١٢ لەسەد ڕاگەیاندووە و ئەم ئامارە لە چاو ساڵی ڕابردوودا نیو لەسەد کەمی کردووە، کە بەگشتی بەپێی ئەم ئامارانەی بەرسانی ڕێژیم لە ئێراندا، سێ میلیۆن و ٣٢٢ هەزار کەس بێکار هەیە.

لە لایەکی دیکەوە ناوەندی مەجلیسی ڕێژیم ئاماری بێکارانی لە ئێستەدا لە نێوان ٥ هەتا ٧ میلیۆن ڕاگەیاندووە و هۆشدارییان داوە کە هەتا ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەم ڕێژەیە بە ١١ میلیۆن کەس دەگات.

لەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستە، سەرۆکی فراکسیۆنی کار لە مەجلیسی ڕێژیم، محەممەد ڕەزا بادامچی، ئاماری لاوانی بێکاری لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵەی بە ٢٠ میلیۆن کەس ڕاگەیاندبوو.