کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تەڵاق لە کوردستاندا بەرز بووەتەوە

12:00 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئاماری ئیدارەی "تۆمارکردنی باری کەسێتیـ"ـی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی تەڵاق بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕێژیم لەبارەی تەڵاق بڵاوی کردووەتەوە، ئاماری تەڵاق ڕووی لە هەڵکشانە و لە هەمان کاتدا، ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش کەم بووەتەوە کە ئەوە مەترسییەکە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵگا.

لەم بارەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی "تۆمارکردنی باری کەسێتیـ"ـی پارێزگای ورمێ وتوویەتی کە پارێزگای ورمێ لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا بەنیسبەت شارەکانی ئێران، لە پلەی ١٢دایە و لە بواری تەڵاقدا پلەی ٢٤ی هەیە.  

لەم بارەوە، ''بەهمەن مورادنیا''، پارێزگاری سنە وتویەتی: "ڕێژەی تەڵاق لەم پارێزگایەدا بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە جێگای نیگەرانییە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بەنیسبەت ڕێژەی تەڵاق، پاریزگای سنە لە نێوان ١٠ پارێزگای یەکەمی ئێراندایە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق لە ئێراندا، بەردەوام هۆشداری دەدەن و هیچ ڕێگاچارەیەک ناگرنە بەر.

بەپێی لێکدانەوەی کۆمەڵناسان و شارەزایانی ئەم بوارە، بێکاری، هەژاری و نەبوونی داهات، لە گرینگترین هۆکارەکانی تەڵاق دێنە ئەژمار.