کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین لە سەردەمی گەمارۆوە نەوتییەکانی ترامپ زیاتر بووە

10:10 - 11 رەشەمه 2721

زانیاریی شیرکەتەکانی شوێنهەڵگری نەوتکێشەکان نیشان دەدات، فرۆشی نەوتی ئێران بە چین لە مانگەکانی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئەو ڕێژەیە لە ٥ ساڵ لەمەوپێش کە گەمارۆکانی نەوتیی ئامریکای لەسەر نەبوو، زیاتر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''ڕۆیتێرز'' لە سێ شیرکەتی شوێنهەڵگری نەوتکێشەکان، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی ژانوییە لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا تێپەڕیوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ڕێژەی کڕینی نەوت لەلایەن چین لە ساڵی ٢٠١٧ واتە سالێک پێش لە گەمارۆوە نەوتییەکانی ترامپ، ٦٢٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە لە حاڵێکدایە کە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام و هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر ئێران لە حاڵی بەڕێوەچووندان.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز نووسیویەتی، بەرزبوونەوەی فرۆشی نەوتی ئێران لەو دوخەدا کە ڕووسیە گەمارۆی خراوەتە سەر، دەبێتە هۆی ئەوەیکە نرخی جیهانیی نەوت دابەزێت.

دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی وتووێژەکانی بەرجام لە ڤییەن هیچ تاک یان شیرکەتێکی چینیی لەو بوارەوە تەحریم نەکردووە.

بەو حاڵە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی کە واشنتۆن لە کڕینی نەوتی چین لە ئێران ئاگادارە و ئەو بابەتەی لەگەڵ چین هێناوەتە بەر باس.

هەر لەو بارەوە ڕۆژنامەیەکی دەوڵەتی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش لە بابەت هەرزانفرۆشکردنی نەوتی ئێران لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران نووسیبووی کە داشکاندنەکانی تاران بۆ فرۆشی نەوت بە کڕیارانی دەرەکی بە شێوەیەکە کە قازانجەکەی لە گەمارۆکانی ئامریکا زیاترە.