کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی قوربانییانی بوومەلەرزەی بەهێزی ئەفغانستان سەرووی هەزار کەسی تێپەڕاند

18:47 - 1 پووشپەڕ 2722

لە بوومەلەرزەی "ئەفغانستان" که بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ بەشێکی گەورەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی "ئەفغانستان" و بەشێک لە "پاکستانـ"ـی هەژاند زیاتر لە ١ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەوڵەتی "ئەفغانستان" ئەو بوومەلەرزەیە زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و ١ هەزار و ٥٠٠ کەس بریندار بوونه.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە ساڵی ٢٠٠٢ هەتا ئێستا ئەوە مەرگهێنەرترین بوومەلەرزەیە کە لە "ئەفغانستان" ڕوو داوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەرپرسانی حکوومەتی تاڵبان، هەتا ئێستا ئاماری کوژراوانی ئەو ڕووداوە لە "ئەفغانستان" زیاتر لە هەزار کەس بووە و باسیان لەوەش کردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاماری قوربانییان ڕووی لە هەڵکشانە.

 لە ویلایەتی "پەکتیکا" لانیکەم ٢٥٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لەرزەنووسیی "ئامریکا" شوێنی ئەو بوومەلەرزەیە لە ٤٤ کیلۆمیتریی شاری "خوست" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی "ئەفغانستان" و لە قووڵایی ٥١ کیلۆمیتری لە ئاستی زەویدا بووە.

دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە مەودای ٥٠٠ کیلۆمیتری هەستیان بە جووڵەی ئەو بوومەلەرزەیە کردووە.