کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرز بووەتەوە

13:39 - 4 بانەمەڕ 2721

کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران کە بەهۆی بەڕێوەبەریی سەقەت و ناکارامەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەدست دەرچووە، لە ئێستادا هەموو کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە و ڕۆژانە  قوربانیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە ئێستادا زۆربەی شارەکانی کوردستان لە دۆخی سوور و پڕمەترسی دان.

لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا تەنیا لە شاری بۆکان ١٠ کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و سەدان کەسیش تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوە، لە پارێزگای ورمێ هەزار و ٣٩١ کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە و ١٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەو نەخۆشییە لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٦٨ کەس.

ئەوە لە حاڵێکدایە زۆربەی شارەکانی کوردستان لە دۆخێکی هاوشێوەدان.

شەپۆلی چوارەمی ئەو نەخۆشییە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران جگە لە ئیدعای درۆیین، هیچ هەوڵێکی بەکردەوەیان بۆ کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە ئەنجام نەداوە و نەخۆشخانەکانی کوردستان لە خراپترین دۆخدان.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە نزیکەی ٦٩ هەزار کەس لە ئێران بوونەتە قوربانی.