کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی نەختینەیی لە مانگی جۆزەردان لە ئێران ٣٤ لەسەد گەشەی کردووە

13:12 - 7 گەلاوێژ 2720

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیران ڕێژەی نەختینەیی لە کۆتایی مانگی جۆزەردانی زیاتر لە ٢٦.٥٧١ میلیارد تۆمار کردووە و ئەو ڕێژەیە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٣٤ لەسەد گەشەی کردووە.

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین ئاماری ئابووریی خۆی لە کۆتایی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩دا ڕێژەی نەختینەیی لە ئێرانی ٢٦ هەزار و ٥٧١ میلیارد بەراورد کردووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانە لە ئێراندا.

 بە وتەی شارەزایانی ئابووری، ئەو ڕێژە زۆرەی گەشەی نەختینەیی لە هەر وڵاتێکدا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و گرانبوونی لەڕادەبەدەری کەلوپەلەکانی بازاڕ.

بە وتەی ئەو شارەزایانە، لە ئابوورییەکی تەندروستدا دەبێ ڕێژەی بەرهەمهێنان و نەختینەیی وەک یەک گەشە بکەن.

هەروەها سەرەکیترین هۆی گەشەی نەختینەیی، کەمهێنانی بودجەی دەوڵەت و لە کۆتاییدا چاپی پارە و قەرز وەرگرتنە لە بانکی ناوەندیی ڕێژیم، کە ئەم هۆکارانە داڕماویی ئابووری دەردەخەن.

لە مانگی بانەمەڕدا مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕێژەی کەمهێنانی بودجەی بە ١٨٥ هەزار تمەن بەراورد کردووە کە ئەم ڕێژەیە بێوێنە بووە لە مێژووی ئەو ڕێژیمەدا.

کەمبوونی داهاتی نەوت و نەبوونی کڕیاری نەوتیی ڕێژیم، بەردەوامیی گەمارۆوە ئابوورییەکان و ڕێگریکردن لە هەناردەی گاز بۆ دەرەوە، هۆکاری سەرەکیی گەشەی نەختینەیی و کەمهێنانی بودجەیە لە ئابووریی ئێراندا.