کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی هاوردەکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ئێران چەندین بەرابەر دابەزیوە

13:56 - 4 گەلاوێژ 2720

گومرۆکی هیند ڕۆژی ٣ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەو وڵاتە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی هاوردەکردنی لە ئێران ٢٦ بەرابەر دابەزیوە.

هیند لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣.٢ میلیارد دۆلاری لە ئێران هاوردەکردنی هەبووە، بەڵام لە ٦ مانگی یەکەمی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تەنیا ١٢٤ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێران کڕیوە.

ڕێژەی هەناردەکردنی هیند بۆ ئێران بە دابەزینێکی ٤٦ لەسەدی گەیشتووەتە ١.٤ میلیارد دۆلار، بەم پێیە بۆ یەکەم جار نەتەنیا تەرازی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بە زیانی ئێران بووە، بەڵکوو هەناردەکردنی هیند بۆ ئێران زیاتر لە ١٠ بەرابەر لە هاوەردەکردنی بووە.

ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی ئاستی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی وەکوو هیند و چین، تەبلیغاتێکی بەربڵاوی سیاسی و میدیایی لەبارەی گرێبەستی هاوکاریی درێژخایەن لەگەڵ ئەو وڵاتانە کردووە.

سەرەڕای هیند، ئامارە نوێیە گومرۆکییەکانی گرینگترین شەریکە بازرگانییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نیشان دەدات کە هاوردەکردنیان لە ئێران دەیان بەرابەر دابەزیوە و ئەم دابەزینەش بەرهەمە غەیرە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئامارە شەش مانگەکانی کۆرەی باشوور نیشان دەدات، هاوردەکردنی ئەو وڵاتە لە ئێران لە ٢.١٣ میلیارد دۆلار لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ گەیشتووەتە ژێر ٦ میلیارد دۆلار کە دابەزینێکی ٣٥٥ بەرابەری نیشان دەدات.

هەروەها ئاماری ٥ مانگەی دەوڵەتی ژاپۆن ئەوە دەخاتە ڕوو کە هاوردەکردنی ئەو وڵاتە لە ئێران ٦٦ بەرابەر دابەزیوە و گەیشتووەتە ١٧.٥ ملیۆن دۆلار.

هەروەها ئامارەکانی گومرۆکی چین نیشان دەدات، هاوەردەکردنی ٦ مانگە لە ئێران بە دابەزینی ٦٢ لەسەدی گەیشتووەتە ٣.١ میلیارد دۆلار.

گرینگیی ئەو ٤ وڵاتە لەوەدایە کە پێش لە گەمارۆکانی ئامریکا، ئەم وڵاتانە پشکی ٥٠ لەسەدییان لە هەناردەکردنی گشتیی ئێراندا هەبووە.

هەروەها پێش لە گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا، ئەم ٤ وڵاتە گرینگترین کڕیارانی نەوەتی ئێران بوون کە جگە لە چین کە ڕۆژانە ٨٢ هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت، ئەوانی تر کڕینی نەوتیان ڕاگرتووە.