کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ٨٠ لەسەدیی تووشبووان بە کۆرۆنا هۆشداریی دا

12:55 - 9 گەلاوێژ 2721

بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وتوویەتی کە لە ماوەی ٤ حەوتووی ڕابردوو لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا زیاتر لە ٨٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

''تدروس ئادهانوم'' بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوە کردووە کە بە تەشەنەسەندنی خێرای پەتای دێڵتا، جیهان بەرەوڕووی مەترسیی لەدەستدانی دەسکەوتەکانی خۆی بەرامبەر نەخۆشیی کۆرۆنا بووە، بەڵام ئەو واکسەنانەی کە تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی کردوونەتەوە هەروا کاریگەرییان هەیە.

حاڵەتەکانی مردن بەهۆی کۆرۆنا لە ئافریقا کە تەنیا ١/٥ لەسەدی حەشیمەتەکەی واکسەنیان لێ دراوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوو ٨٠ لەسەد بەرز بووەتەوە و سیستمە تەندروستییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان لەژێر گوشاردان.

ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکانی ئامریکا، دێڵتا ڤایرۆسی کۆرۆنای وەکوو نەخۆشیی مێکوتە وەسف کردووە و هۆشداریی داوە کە ئەم پەتایە دەتوانێت نەخۆشیی توندی لێ بکەوێتەوە.