کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: "ژنان دەبێت مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی پۆشینی جلوبەرگیان هەبێت"

11:28 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتێکی  لەسەر کاریگەرییەکانی حیجابی زۆرەملێ لەسەر ژنان لە ئێراندا  بڵاو کردووەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی چالاکانی بواری مافی ژنان و کاریگەرییەکانی حیجابی زۆرەملێ لەسەر ژنان بڵاو کردووەتەوە و تیشکی خستووەتە سەر لایەنە نەرێنییەکانی ئەم یاسایە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "یاسای حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا پێشێلکاری مافەکانی ژنانە و جەستەیان کۆنترۆڵ دەکات. ژنان دەبێت مافی ئازادی جلپۆشینیان بە خواستی خۆیان هەبێت، بەبێ ئەوەی کە زیندانی و ئەشکەنجە بکرێن".

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، لە سایەی ئەم یاسایانەوە خەڵکی سەر شەقام و لاتولووتەکان ئیزنی ئەوەیان دەبێت، کە پێوەر و یاساکانی حکوومەت بەسەر ژناندا بسەپێنن و ئازاریان بدەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوە و خەباتی ژنان لە هەمبەر ئەو یاسا و ڕێسایانە کردووە، کە ئازادییەکانیان سنووردار دەکات و بە لابردنی لەچکەکانی سەریان لە شوێنە گشتییەکاندا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و زۆربەی کاتەکان لە لایەن هێزە نیزامییەکان و گەشتەکانی ئێرشادەوە دەسبەسەر دەکرێن.

لە دوای خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦دا، شەپۆلێکی ناڕەزایتیی ژنان بە حیجابی زۆرەملێ لە شارەکانی ئێراندا دەستی پێ کردووە، کە ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا لەچکەکانیان لا دەبەن و ناڕەزایەتیی خۆیان بەم شێوەیە لە بەرامبەر ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەر دەبڕن.