کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەویی: نامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئێعدامەکانی ٦٧ دەستکەوتێکی گەورەیە

12:29 - 19 سەرماوەز 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، نامەی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کە چەند مانگ لەمەوپێش بۆ ڕێژیمی ئێرانیان ناردبوو و تێیدا داوای وڵامدانەویان لەبارەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ٦٧ کردووە، بە دەستکەوتێکی گەورە وەسف کردووە.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو نامەیەی کە لە مانگی سێپتامبر بۆ ڕێژیمی ئێرانیان نووسیبوو، هۆشدارییان بە ئێران دابوو کە ئەو ئێعدامانە دەتوانێت وەکوو جینایەت دژی مرۆڤ بێتە ئەژمار.

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، ناوەرۆکی ئەو نامەیەی کە ئێستا ئاشکرا کراوە، پشتڕاست کردووەتەوە.

حەوت ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی سێپتامبر بە شێوەی تاکەکەسی لە نامەیەکدا بۆ ڕێژیمی ئێران نیگەرانیی جیددیی خۆیان لە درێژەی خۆبوواردن لە ڕوونکردنەوەی چارەنووس و شوێنی ناشتنی ئەو ئێعدامانە دەربڕیوە.

ئەوان خوازیاری لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو و سەربەخۆ لەبارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بوونە و داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە بۆ بنەماڵەی قوربانییان "بەرگەی فەوت" بە شێوەی ڤرد دەر بکات.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە: "ئێمە نیگەرانین کە ئەم دۆخە وەکوو جینایەتێک دژی مرۆڤ بێت و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێران هەروا بەنیسبەت بەڵێنییەکان خۆی ببوێرێت، لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئاشکرابوونی هەموو شتێک ئەنجام دەدرێت".

''دایانا ئەلتەحاوی'' جێگری لێبووردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، ئەو نامەیەی بە دەستکەوتێکی گەورە زانیوە و وتوویەتی کە ئێران چیدیکە ناتوانێت لە بابەت ئەو ئێعدامانە خۆ بدزێتەوە یان سزا نەدرێت.