کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، خوازیاری ئازادیی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بوون

11:07 - 13 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەکی هاوبەش، سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێرانیان مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی بەپەلەی دەستبەسەرکراوان بوون.

 ٤٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەکی هاوبەش، خوازیاری کۆتایی پێهێنان بە سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران بوون و بە ئاماژەدان بە ئاماری کوژراوان، خوازیاری ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان بوون.

لەو بەیانییەیەدا داوا کراوە کە، مافی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی هێمنانە و دامەزراندن و چالاکیی لە ئەنجومەنەکاندا، بەپێی مافە دیاریکراوەکان لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە سیاسی و مەدەنییەکان، بۆ خەڵکی ئێران بە فەرمی بزانرێت.

چاوەدێری مافی مرۆڤ، دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند، ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران، ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیەن، خوازیاری دادگاییکردن و سزادانی بەرپرسانی سەرکوت و بکوژانی خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی ڕوون و دادپەروەرانە بوون.