کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێراندا مەحکووم کرد

11:45 - 27 سەرماوەز 2720

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز، بڕیارنامەی پێشێلکردنی زەق و لە ڕادەبەدەری مافی مرۆڤی لە ئێراندا پەسەند کرد.

ئەم بڕیارنامەیە پێشنیاری وڵاتی کانادا بووە کە بە ٨٢ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ٣٠ دەنگی نەرێنی و ٦٤ دەنگی بێ لایەن پەسند کراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٦٧مین بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ٧٩ دەنگی ئەرێنی، ٤٢ دەنگی نەرێنی و ٦٤ دەنگی بێ لایەن پەسند کرابوو.

پەسندکردنی ئەم بڕیارنامەیە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ یەک ساڵی دیکە ئاوەلا دەکاتەوە.

لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کە کۆتایی بە ئەشکەنجە، سزا نامرۆڤانەکان و سوکایەتی پێکردنەکان بێنێت و سەرکوتی سیستماتیک، دەسبەسەریە سەرەڕۆیانەی ناڕازییان یەک لەوان بێسەروشوێنکردنی دژبەران ڕابگرێت.

هەروەها لە بڕیارنامەی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کە دۆخی  خراپی زیندانەکان چارەسەر بکات و ئەو کەسانەی کە بەهۆی پشتیوانیی و داکۆکیی لە مافی ژنان دەسبەسەر کراون، بە زووترین کات ئازاد بکات.

''گوشاری لەڕادەبەدەر دژی کەمینە مەزهەبییەکان، پێشێلکردنی مافی زیندانی سیاسی یەک لەوان دەسپێڕانەگەیشتن بە پارێزەر و دانپێدانانی زۆرەملێ'' لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە یەکێکی دیکە لەو حاڵەتانە بوو کە لەو بڕیانەمەیەدا نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کۆی ئەو کەسانەی کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی دەسبەسەرکردنیان سەرەڕۆیانە دەێتە ئەژمار، ئازاد بکات.