کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، داخرانی ناوەندی کافەئەندێشەی ئەو شارەیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەتوندی شەرمەزار کرد

11:06 - 24 سەرماوەز 2721

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار سەبارەت بە داخرانی کافەکتێبی "ئەندێشە"ی ئەو شارە و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر بە بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بە دەرکردنی پەیامێک ئەو هەوڵەیان بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کوردستانییانی هێژا، چالاکانی مەدەنی و هۆگرانی کتێب و خوێندنەوە!

هەر وەکوو ئاگادارن، بە بڕیارێکی تەواو نایاسایی و داسەپاو، لە ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزدا، ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی "ئەندێشە"ی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتتلاعاتەوە داخرا.

کافەکتێبی ئەندێشە، وەکوو ناوەندێکی مەدەنیی شوێندانەر و خاوەن‌ گوتار، لە ماوەی شەش ساڵی مێژووی پڕدەسکەوتی خۆیدا، هەر زوو بوو بە ڕێکخراوەی جێی متمانە و خۆشەویستیی توێژە جیاجیاکانی خەڵکی پیرانشار و هەروەتر بە بەرزکردنەوەی دروشمی "کافەکتێبی ئەندێشە، بێشکەی بەرهەمهاتنی بیری ئازاد" بوو بە دەنگی زوڵاڵی مافویستیی چالاکانی مەدەنی و بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کۆڕبەند، پانێلی زانستی، چالاکیی پەروەردەیی و مەیدانی و هتد، جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشی شوناسخوازانەی گەلی خۆیدا جێ هێشت.

بە شانازییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ئێمەش وەک ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، هاوکات لەگەڵ ئەکتی پەروەردەیی، توانیمان لە توێی کۆمەڵێک کاری مەیدانیی هاوبەشدا، لەوانە کەمپەینەکانی کرماشان و کۆتۆل، لەگەڵ ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە و بە پاڵپشتیی خەڵکەکەمان، ئەرکی نیشتمانیمان بە جێ بگەیەنین و بێگومان ئەم چالاکییە هاوبەشانە وەک لاپەڕەیەکی زێڕینی ڕابردووی ڕێکخراوەکەمان دەنرخێنین.

لێرەدا جەخت دەکەینەوە کە هێرشکردن بە چەک بۆ سەر ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، بە هێرشکرانە سەر کتێب، کتێبخانە و ڕەوتی پێشکەوتنخوازی دەزانین و پێمان وایە بەکارهێنانی توندوتیژی لە بەرانبەر ناوەندێکی مەدەنی، پێشاندەری ئەوپەڕی بێدەسەڵاتی و شکەستی ڕاستەقینەی تفەنگ لە بەرانبەر قەڵەمدایە.

 هەر بۆیە، ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، داخرانی ناوەندی کافەئەندیشە و دەکارکردنی توندوتیژی بەرانبەر بە هەڵسووڕاوانی ئەم ناوەندە، بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم دەکات.

لە کۆتاییدا، دڵنیایی دەدەینەوە بە هاوشارییان و هاووڵاتییان، کە گوشارەکان ناتوانن ڕێگری بکەن لە بەرەوپێشچوونی خەباتەکەمان و بەم هەوڵانە، چالاکیی مەدەنی لە پیرانشار ناوەستێت؛ بەڵکوو بەگوڕتر لە جاران درێژەی پێ دەدرێت.

ورەتان بەرز، هەنگاوتان بەردەوام!

ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار

٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی