کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاوبانەکانی کوردستان هێڵی مەرگن

13:25 - 16 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێگاوبانەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان بە هۆی کەمتەرخەمیی ڕێژیم دەبنە ‌هێڵی مەرگ و خەڵک دەبنە قوربانی ئەو کەمتەرخەمییانە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردستان میدیا، پردی "ژاوەرۆ" یان "ڕەزاو"، کە تەنیا پردی پێوەندی نێوان "سەوڵاوا"ی مەریوان و کامیارانـ"ـە و ڕێگای چوونەژوورەوەی ناوچەی ژاوەرۆشە، لە بارودۆخێکی ناجێگیر و خراپدایە و بەرپرسانی ڕێژیم تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو پردە نەداوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا باس لەوە دەکات، کە ئەو پردە هاتووچۆیەکی زۆری بەسەریدا دەکرێت و ڕێگای پێوەندی نێوان چەند ناوچەیە، کە بەرپرسانی رێژیم لەو ناوچەیەدا لە بابەت چاکسازی ڕێگاوبانەکان هیچ هەوڵێکی بەرچاویان نەداوە و بووەتە هۆی گلەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بەو دۆخە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک پێش ئیستا، لە شاری سەلاسی باوەجانی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر خراپی بارودۆخی ڕێگای نێوان "سەلاسی باوەجانی" بۆ "شێخ سڵە" و "ئەزگڵە" دەربڕیوە و گلەیییان لە نابەرپرسایەتی و کەمتەرخەمیی ڕێژیم کردبوو.