کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ لە قوروە هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکەن

10:28 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: خاکیبوونی ڕێگای ژمارەیەک لە گوندەکانی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنە، وێڕای دژوارکردنەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان لەم ڕێگایانەدا، هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر گیانیشیان دێتە ئەژمار.

ڕێگای سەرەکیی شاری قوروە، یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە تەمەنێکی زیاتر لە ٣٠ ساڵی هەیە و لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەدا، بەهۆی هەبوونی کێشە و خراپبوونی ئەم ڕێگایە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان گیانیان لەدەست داوە.

نەبوونی شانەی خاکی، نەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوەی هاتوچۆ، نایەکسانبوونی ڕووبەری ڕێگاکان، نەبوونی ڕووناکیی پێویست لەسەر پێچەکان و دەیان کێشەی تر، لەو کێشە سەرەکییانەن کە لە ڕێگای قوروەدا، هاووڵاتییانیان تووشی کێشەی جیددی کردووەتەوە.

گوندەکانی "نیازبڵاغ"، "حوسێن ئاوا"، "موشیرئاوا" و بە دەیان گوندی تر، لەو گوندانەی سەر بە شاری قوروە دێنە ئەژمار کە تاکوو ئێستا ڕێگاکەیان خاکییە و قیرتاو نەکراوە.

بە وتەی خەڵکی قوروە، حەوتوویەک پێش لە سەردانکردنی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەم شوێنانە، بەرپرسانی ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری قوروە، بە ڕژاندنی ماڵچی نەوتی و گازۆئیل بەسەر ڕێگا قیرتاوکراوە سەرەکییەکەدا، وا نیشان دەدەن کە کاری ئەو قیرتاوە تازە کراوە.

ڕژاندنی ئەم جۆرە ماددانە، دەبێتە هۆی خزبوونی ڕێگاکان کە لە کاتی بارینی باراندا، مەترسیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ زیاتر دەکەنەوە.

زۆربەی ڕێگاکانی کوردستان، بەهۆی نالەباربوونی دۆخەکەیان، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مەرگی هاووڵاتییان دێنە ئەژمار و هەر بەم بۆنەیەوە، زۆربەی جاریش ڕێگاکانی کوردستان بە "ڕێگای مەرگ" دەناسرێن.