ژینگەپارێزان و شاخەوانانی کوردستان بەبۆنەی چلەی شەهیدانی ژینگە لە پاوە، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی ژینگەیی و شاخەوانی، یاد و ناوی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، بەبۆنەی چلەی شەهیدکرانی شەهیدان "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی"، ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی ژیوای پاوە بە دروشمی "ڕێگەی سەوزتان پڕ ڕێبوار بێت"، شوێنی گەشتیاریی "ویمیر"، هەوارگەی "خەجە تا سەروەزەن"، ئاواییەکانی "نروێ، دشە، دەرەوەیان، هانە و کانی مرێ، دەراو و دەرەنیشە هەتا گاومەخەڵـ"ـیان خاوێن کردەوە و یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.
هەروەها ئەنجوومەنی "چرۆ"ی ڕوانسەر بۆ بەرزنرخاندی یادی شەهیدانی ژینگە، "سەراو"ی ئەو شارەیان خاوێن کردەوە.
ژینگەپارێزانی "سەلاسی باوەجانی" یادی شەهیدانی پاوەیان بە خاوێنکردنەوەی دەوروبەری "بەردەزنجیر و سەیرانگای شەخەڵان" بەرز ڕاگرت.
هەروەها سەرکەوتنی گرووپێکی شاخەوانی و ژینگەپارێز بۆ سەر لووتکەی کێوی "دەماوەند" و پێشکەشکردنی سەرکەوتنەکەیان بە شەهیدانی سەوزی ژینگە، بە دروشمی "ڕێگاتان درێژەی هەیە" خۆیان بە درێژەدرەی ڕێگەی شەهیدانی زانیوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی "پیرانشار"، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگە و پاڵپشتی لە "زارا محەممەدی" چالاکیی ژینگەییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەی ژینگەپارێزانی پیرانشاردا، پێنج نمامیان بە یادی پێنج شەهیدی ژینگە و خاوێنکردنەوەی "دۆڵەنێ" و ڕەوگەی "کانی لۆسە" لە زبڵ و پاشماوە، یادی شەهیدانیان بەرز نرخاند و ئیدانەی حوکمی زیندانی "زارا محەممەدیـ"ـیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.
ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ"، تووشی ئەو ڕووداوە بوون و سەرئەنجام لە گەمارۆی ئاگردا گیانیان فیدای خاک و ژینگەی کوردستان کرد.